چیرۆکی میکانیزمی سناپباک؛ کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی و دەستپێکردنەوەی سزاکان

24-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران ناسراو بە سناپباک یەکێکە لە هەستیارترین ئامرازە یاساییەکانی نێو رێککەوتنی ئەتۆمی.
 
ئەم میکانیزمە لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگیر کراوە و وەک گەرەنتییەک داڕێژراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری پێشێلکردنی پابەندییە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئێرانەوە، سەرجەم سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ دانوستاندنی نوێ یان دەنگدان، خۆکارانە بگەڕێندرێنەوە. 
 
میکانیزمەکە چۆن کار دەکات؟
 
بەپێی ئەم میکانیزمە، هەر یەکێک لە وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکە کە بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و چین، مافی ئەوەی هەیە ئەگەر پێیوابوو ئێران پێشێلکارییەکی گەورەی لە رێککەوتنەکە کردووە، بە فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە. 
 
لەدوای پێشکێشکردنی سکاڵاکە، دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش لە ماوەی 30 رۆژدا دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک بدات بۆ درێژەدان بە هەڵپەساردنی سزاکان. تایبەتمەندیی سەرەکیی سناپباک لێرەدایە، کە ئەگەر هەر ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە (بەتایبەت ئەو وڵاتەی سکاڵاکەی تۆمار کردووە) ڤیتۆ لە دژی پڕۆژەبڕیارەکە بەکاربهێنێت، یان ئەگەر ئەنجوومەنەکە نەگاتە هیچ رێککەوتنێک، ئەوا سەرجەم سزاکانی پێش ساڵی 2015 بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە و کاریان پێدەکرێتەوە. ئەمەش سزاکانی سەر کەرتی وزە، سیستمی بانکی، بازرگانیی چەک، و پیتاندنی یۆرانیۆم دەگرێتەوە.
 
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بە گوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، تاکە رێگە بۆ رێگری لە گەڕانەوەی سزاکان ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران وڵاتەکان ناچار بکات کە میکانیزمەکە رابگرن. 
 
ناکۆکییە سیاسییەکان و هەوڵی کاراکردنی
 
هەرچەندە میکانیزمی سناپباک ئامرازێکی یاسایی- تەکنیکییە، بەڵام بەکارهێنانی بە تەواوی سیاسییە و مشتومڕی زۆری دروست کردووە. دیارترین نموونە، هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بوو لە ساڵی 2020 بۆ کاراکردنی میکانیزمەکە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. 
 
ئەمریکا سکاڵای پێشکێش کرد و رایگەیاند کە ئێران پابەندییەکانی پێشێل کردووە. بەڵام ئەم هەنگاوە رووبەڕووی دژایەتییەکی تووندی نێودەوڵەتی بووەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، لەوانەش هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەمریکا. 
 
قسەی سەرەکیی دژبەران ئەوە بوو کە وڵاتێک پاش کشانەوەی لە رێککەوتنێک، چیدیکە مافی ئەوەی نییە میکانیزمەکانی ناو ئەو رێککەوتنە بەکاربهێنێت. ئەم ناکۆکییە جیاوازییە یاسایی و سیاسییەکانی دەربارەی شەرعیەتی بەکارهێنانی سناپباکی دەرخست.
 
کاریگەری و گرنگیی ستراتیژیی میکانیزمەکە
 
میکانیزمی سناپباک کاریگەریی گەورەی هەیە. ئەگەر سزاکان دووبارە بسەپێندرێنەوە، ئێران لەوانەیە دەستڕاگەیشتنی بە سیستمی بانکیی نێودەوڵەتی لەدەستبدات، رووبەڕووی قەدەخەی فرۆشتنی چەک ببێتەوە و هەناردەی نەوتەکەی سنووردار بکرێت، کە گورزێکی سەخت لە ئابوورییەکەی دەدات.
 
دەستپێکردنی پرۆسەی سناپباک
 
لە هەنگاوێکی چارەنووسسازدا کە گرژییەکانی نێوان ئێران و زلهێزە رۆژئاواییەکانی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ، سێ وڵاتە سەرەکییەکەی ئەورووپا بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ سەر تاران. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی بەردەوامی رێککەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە گەیشتنە لووتکە.
 
رۆژی 28ی ئابی 2025، هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا (کە بە E3 ناسراون)، بە فەرمی نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تێیدا ئێرانیان بە پێشێلکردنی بەرچاوی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) تۆمەتبار کرد.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوە، بەپێی راگەیێندراوی وڵاتە ئەورووپییەکان، کۆکردنەوەی پاشەکەوتێکی گەورەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوە لەلایەن ئێرانەوە، کە هیچ پاساوێکی مەدەنیی باوەڕپێکراوی نییە و دەتوانێت بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێندرێت. جگە لەمەش، ئاماژەیان بە پێشێلکارییەکانی دیکەی ئێران کردووە کە لە ساڵی 2019ـەوە بەردەوامن.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران لە بەرامبەر گوشارەکاندا
 
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ کەوتە جووڵە و زنجیرەیەک گفتوگۆی دیپلۆماسیی ئاستبەرزی دەستپێکرد. لەم چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نیویۆرک لەگەڵ رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکیی دیپلۆماسییەتی تاران رێگری بوو لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان و جەختکردنەوە لەوەی کە گفتوگۆ و رێگەچارەی سیاسی، نەک گوشار و هەڕەشە، کلیلی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە ئەتۆمییەکانە.
 
شکستی هەوڵەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش
 
رۆژی 19ی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پێشنیاز کرابوو بە مەبەستی درێژەدان بە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر ئێران. بەڵام پێشنیازەکە دەنگی نەهێنا، کاتێک تەنیا چوار وڵات دەنگی "بەڵێ"یان دا و 9 وڵاتی دیکە دژی وەستانەوە. ئەم شکستە بەشێوەیەکی کرداری دەرگای بۆ بەردەوامبوونی میکانیزمی سناپباک کردەوە و رێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی سزاکان.
 
بەپێی میکانیزمەکە، ئەگەر تاوەکو 27ی ئەیلوولی 2025 رێککەوتنێکی نوێ یان چارەسەرێکی دیپلۆماسی نەدۆزرێتەوە، سزاکانی سناپباک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
هەڵوێستی ئێران و داهاتووی رێککەوتنەکە
 
ئێران بە تووندی پرۆسەی گەڕاندنەوەی سزاکانی رەتکردووەتەوە و بە هەنگاوێکی "نایاسایی" و پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی وەسف کردووە. . هاوکات هۆشداریی داوە کە ئەگەر سزاکان بگەڕێندرێنەوە، ئەوا کاردانەوەی تووندی دەبێت، کە رەنگە هەنگاوی زیاتر لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتنەکەوە لەخۆبگرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە