سەرۆکی فەرەنسا بۆ رووداو: لە پلانم دایە ئەم ساڵ سەردانی عێراق بکەم

24-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی فەرەنسا لە برۆکسل کە نێردراوی رووداو لەوێ ئامادەیە
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی فەرەنسا لە برۆکسل کە نێردراوی رووداو لەوێ ئامادەیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە و لەبارەی دۆخی عێراقەوە رایگەیاند کە پاڵپشتیکارێکی بەهێزی عێراقن و سەقامگیرییەکەی بۆ ئاسایشی "ناوچەکە زۆر گرنگە." گوتیشی: "لە پلانم دایە ئەم ساڵ سەردانی عێراق بکەم." 
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە برۆکسل وەڵامی پرسیارەکانی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی دۆخی عێراق، گفتوگۆی هەسەدە و سووریا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی دایەوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستیان بەرامبەر وڵاتەکە رایگەیاند، "هیچ کات دەستوەردان لە هەڵبژاردن لە وڵاتێکی سێیەمدا ناکەم، بەڵام سۆزێکی زۆرم بۆ عێراق هەیە. پێموایە سەرۆکوەزیران ئەجێندایەکی مەزنی بۆ وڵاتەکەی راگەیاندووە".
 
ماکرۆن ئەوەشی بە رووداو گوت: "پێموایە، لەم ساتەدا کە ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا هەیە، سەقامگیریی عێراق و رێزگرتن لە سەروەریی عێراق پایەیەکی زۆر گرنگی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە."
 
هاوکات سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، "لە پلانم دایە ئەم ساڵ سەردانی عێراق بکەم". 
 
دوایین سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ عێراق لە ئابی 2021 بوو. ئەوکات سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
ماکرۆن باسی پەیوەندیی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریای کرد و گوتی: "سەبارەت بە رێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، پێموایە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە. هەروەها، جوڵەیەکی گرنگە بە ئاراستەی یەکگرتوویی سووریا". 
 
سەرۆکی فەرەنسا بە گرنگی زانی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رێز لە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریا بگرێت و هەوڵبدات گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکاندا بکات. گوتیشی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە شەڕکردن دژی گرووپە تیرۆرستییەکان و گرنگە ئەو رێککەوتنە هەبێت بۆ ئەوەی یەکگرتوویی وڵاتەکە بەهێزتر بێت."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا:
 
رووداو: سوپاس جەنابی سەرۆک، من ئاڵا شاڵیم لە تۆڕی میدیایی رووداو، چەند پرسیارێکم لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، وەکو دەزانن هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق لە دۆخێکی گۆڕاوی ناوچەکەدا دەکرێت، چاوەڕێ دەکەن هەڵبژاردنی ئەمجارەیان جیاواز بێت؟ هەروەها چاوەڕێی چی لە بەرپرسانی عێراق دەکەن لەدوای هەڵبژاردن. پاشان دەمەوێ بزانم بەڕێزتان چاودێریی گفتوگۆی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن؟
 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا: هیچ کات دەستوەردان لە هەڵبژاردن لە وڵاتێکی سێیەمدا ناکەم، بەڵام سۆزێکی زۆرم بۆ عێراق هەیە. پێموایە سەرۆکوەزیران ئەجێندایەکی مەزنی بۆ وڵاتەکەی راگەیاندووە. وەکو دەزانن، ئێمە پاڵپشتیکارێکی مەزنی سەروەری عێراقین. پێموایە، لەم ساتەدا کە ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا هەیە، سەقامگیریی عێراق و رێزگرتن لە سەروەریی عێراق پایەیەکی زۆر گرنگی سەقامگیری تەواوی ناوچەکەیە.
 
سەبارەت بە رێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا، پێموایە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە. هەروەها، جوڵەیەکی گرنگە بە ئاراستەی یەکگرتوویی سووریا. ئامانجمان لە سووریا وەکو سەرەتایە ئەویش یەکگرتوویی و سەروەرییە. پێموایە ئەوە زۆر گرنگە، کە سەرۆک شەرع رێز لە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی سووریا بگرێت و هەوڵبدات گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکاندا بکات. هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە شەڕکردن دژی گرووپە تیرۆرستییەکان و گرنگە ئەو رێککەوتنە هەبێت بۆ ئەوەی یەکگرتوویی وڵاتەکە بەهێزتر بێت."
 
رووداو: جەنابی سەرۆک پلانتان هەیە سەردانی عێراق بکەن؟
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا: لە پلانم دایە ئەم ساڵ سەردانی عێراق بکەم.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە