رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە دەریای کاریبی هێرشی کردووەتە سەر بەلەمێک و شەش کەسی کوشتووە کە بە گوتەی خۆی، باندێکی ڤەنزوێلیی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر بوون.
ئەمە نوێترین هێرشی واشنتنە بۆ سەر بەلەمەکانی نێو دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن کە تۆمەتباریان دەکات بەوەی مادەی هۆشبەر دەگوازنەوە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی پێنتاگۆن بڵاویکردوونەتەوە، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 10 جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو بەلەمانە و لانیکەم 43 کەسی کوشتووە.
ئەمڕۆ هەینی، هێگسەس لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا هێرشە نوێیەکەی راگەیاند و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێ بەلەمێک دەکرێتە ئامانج.
وەزیری جەنگی ئەمریکا نووسیویەتی، "شەش تیرۆریستی مادەی هۆشبەر لەنێو بەلەمەکەدا بوون لە کاتی هێرشەکەدا."
هێگسەس گوتیشی، "هەر شەش تیرۆریستەکە کوژران" و رایگەیاند، "ئەگەر تیرۆریستی مادەی هۆشبەر بیت و لە نیوەگۆی زەویی ئێمەدا مادەی هۆشبەر بگوازیتەوە، وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ قاعیدە دەکەین، ئاوا مامەڵەت لەگەڵ دەکەین. بە شەو یان رۆژ، تۆڕەکانتان تێکدەشکێنین، شوێن خەڵکەکەتان دەکەوین، راوتان دەنێین و دەتانکوژین."
واشنتن لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە دەستی بە هەڵمەتێکی سەربازی کردووە و دەڵێت، بەلەمە گوماناوییەکانی "گواستنەوەی مادەی هۆشبەر" دەکاتە ئامانج.
واشنتن هەروەها هێزێکی زۆری لە دەوروبەری ڤەنزوێلا کۆکردووەتەوە، لە نێویاندا فڕۆکەی تارمایی و کەشتیی هێزی دەریایی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە بیسەلمێنێت ئەو بەلەمانە مادەی هۆشبەریان گواستووەتەوە.
لەبارەی ئەو هێرشانەوە، مارتا هورتادۆ گۆمێز، گوتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی گوتی، "بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، بەکارهێنانی هێزی کوشندە تەنیا ئەو کاتە رێگە پێدراوە کە وەک دوایین چارەسەر دژی تاکێک بەکاربهێندرێت کە هەڕەشەیەکی مسۆگەر بێت بۆ سەر ژیانی خەڵک."
گوتیشی، "ئەگەرنا، ئەوە پێشێلکاریی مافی ژیان دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی، هیچ کەسێک نابێت لەبەر تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بکوژرێت."
بەهۆی ئەم هێرشانەی ئەمریکاوە، گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بوون و ڤەنزوێلا، ئەمریکای بە پلانگێڕی بۆ رووخاندنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکەی تۆمەتبار کردووە. مادورۆ رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی پێنج هەزار مووشەکی رووسیی دژە فڕۆکەیە و لە بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەکاریان دێنێت، ئەگەر هێرش بکاتە سەری.
بەپێی داتای هاتووچۆی فڕۆکەوانی، رۆژی پێنجشەممە لانیکەم یەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیجیی ئەمریکا لە جۆری B-1B بەسەر دەریای کاریبی لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا سووڕاوەتەوە.
هەفتەی رابردووش چەندین بۆمبهاوێژی B-52ی ئەمریکی بە ئاسمانی کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا سووڕانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ