بەڕێوەبەری IOM دەڵێت، کۆچبەران لە لیبیا رووبەڕووی مامەڵەی خراپ و رفاندن دەبنەوە

24-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM) دەڵێت، کۆچبەران لە لیبیا رووبەڕووی خراپترین کێشە و زەحمەتی دەبنەوە، لەنێویاندا رفاندن، مامەڵەی خراپ و فریودان لەلایەن قاچاخچی و گرووپە چەکدارەکانەوە.
 
خانمە بەرپرسەکە ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای نێوەڕاست خنکاون، ئەوانەن لە لیبیاوە رۆیشتوون، بەوەش ئەو وڵاتەی باکووری ئەفریقا بووەتە وێستگەیەک لە رێگەی مەرگ. بەڵام تەنانەت بۆ ئەوانەشی هێشتا بەرێنەکەوتوون، دۆخەکە مەترسیدارە. 
 
پۆپ دەڵێت، "ئێمە زوو زوو لە کۆچبەرانەوە گوێمان لێ دەبێ کە رفێندراون، بۆ پارە بە بارمتە گیراون، مامەڵەی ناشیاویان لەگەڵ کراوە یان هێرشیان کراوەتە سەر." گوتیشی، "چیرۆکی چەندین کۆچبەرم گوێ لێبووە کە لە لایەن گرووپەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتەوە بۆ پارە بە بارمتە گیراون و ئازار دراون."
 
لەبەرئەوەی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی زیادکردووە، زۆر لە کۆچبەران تاوەکو ئێستا لە لیبیا گیریان خواردووە و نەیانتوایوە دەست بە گەشتە مەترسیدارەکەیان بکەن.
 
دامودەزگەکانی لیبیا تەممووزی ئەم ساڵ رایانگەیاند، نزیکەی چوار ملیۆن کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتەن.
 
لەو کاتەوەی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011 بە پشتیوانی ناتۆ لە دەسەڵات لادرا و دواترا کوژرا، وڵاتەکە پشێوی و ناسەقامگیریی تێکەوتووە؛ کۆچبەران و قاچاخچییەکانیش دۆخەکەیان قۆستووەتەوە.
 
پۆپ دەڵێت، "لیبیا شوێنێکی زۆر مەترسیدار و ناجێگیرە بۆ زۆر لەو کۆچبەرانەی لە رێگەی قاچاخچییەکانەوە دەڕۆن." ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کۆچبەرانەی بە لیبیادا دەڕۆن، خەڵکی چەندین وڵاتن، لەنێویاندا وڵاتانی ئاسیا. 
 
دەشڵێت: لە باکووری ئەفریقا، لیبیا "ئەو شوێنەیە کە  کۆچبەران تێیدا رووبەڕووی سەختترین ئاڵنگاری دەبنەوە."
 
شەڕی سوودان سەختییەکانی لیبیای زیاتر کردووە
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سوودان لە ساڵی 2023ەوە دۆخەکە لە لیبیا سەختتر بووە. 
 
شەڕی نێوان سوپای سوودان و ئەو هێزانەی لە سوپا هەڵگەڕاونەتەوە، ملیۆنان کەسی ئاوارە و دەربەدەر کردووە. 
 
داتای ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پیشانیدەدات، لە نیسانی 2023ـەوە تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، زیاتر لە 357 هەزار هاووڵاتیی سوودانی گەیشتوونەتە لیبیا. 
 
پۆپ دەڵێت، "ئەوەی ئێمەی زیاتر نیگەران کردووە، شتەکانی وەک جەنگی سوودانن کە بەردەوامە لە دەربەدەرکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک."
 
بڕینی ئەو یارمەتییە داراییەی پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان بە لیبیای دەدا، کێشەیەکی دیکەیە. 
 
پۆپ دەڵێت، "راستییەکەی دابەزینێکی بەرچاو لە سەرچاوەکاندا دروستبووە [کە ناتوانین] بە ئاستی پێویست پشتیوانی و چاودێری پێشکێش بکەین."
 
شوێنێکی دیکەی سەرەکی لە باکووری ئەفریقا کە کۆچبەران لێوەی بەڕێدەکەون بەرەو ئەورووپا، توونسە. 
 
ئێستا ژمارەیەکی کەمتری کۆچبەران لەوێوە دەڕۆن، ئەوەش دوای ئەو رێککەوتنە 290 ملیۆن دۆلارییەی لە ساڵی 2023 توونس و یەکێتیی ئەورووپا واژۆیان کرد. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا هەزاران کۆچبەری خەڵکی وڵاتانی خوارووی بیابانی گەورەی ئەفریقا لەوێ گیریان خواردووە، نە دەتوانن بڕۆن، نە دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.  
 
پۆپ دەڵێت، "ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەوێن، لە توانای ئەو سەرچاوانە بەدەرە کە بۆ پشتیوانیکردن و چاودێریکردنی خەڵک بەردەستن."
 
ئەم ساڵ، قەیس سعەید، سەرۆکی توونس داوای لە IOM کرد، گەڕاندنەوەی خۆویستانەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان زیاد بکات.
 
پۆپ ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم کاتەدا، دۆخەکە لە سەرانسەری جیهان ناگونجێت بۆ ئەوەی گوشار لە خەڵک بکەین بگەڕێنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا