رووداو دیجیتاڵ
کیریل دیمیتریێڤ، دانوستاندنکارى باڵای ئابووریی رووسیا گەیشتە نیویۆرک، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەى کێشەکانى نێوانیان.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس دیمیتریێڤ رایگەیاند، ئەمڕۆ بە بانگهێشتی ئەمریکییەکان بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانیان لەبارەى جەنگى رووسیا و ئۆکراینا گەیشتە نیویۆرک و بڕیارە رۆژی 25ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى ترەمپ کۆببێتەوە.
ئەم سەردانەى نێردەکەى پووتین لە کاتێکدایە، ترەمپ رەتیکردووەتەوە گەشت بۆ بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین و رۆژی سێشەممە گوتى، "نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات." هەروەها دوو رۆژ لەمەوبەر ئەمریکا سزاى خستەسەر هەردوو کۆمپانیاى رۆزنەفت و لوکۆیڵی رووسیا.
دیمیتریێڤ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بەداخەوە کە ئۆکراینا لەسەر داوای بەریتانیا و ئەورووپییەکان دیالۆگ و گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست دوادەخات، چونکە ئەوان دەیانەوێ جەنگەکە بەردەوام بێت."
ئەو بەرپرسەی رووسیا لەبارەى سزاکانى ئەمریکاش بەسەر کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی گوتى: "ئەمریکا خۆى تووشی زیان دەبێ، چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لەسەر هاووڵاتیانى. رووسیا هەمیشە بۆ هاوئاهەنگی ئابوورى ئامادەیە، بە مەرجێک رێز لە بەرژەوەندییەکانى بگیرێت."
رووسیا چەند جارێک ئاگربەستى رەتکردوەتەوە و چەند داواکارییەکەی هەیە بە مەبەستی راگرتنی جەنگ، لەوانەش وازهێنانی ئۆکراینا لە بەشێک لە خاکەکەى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ