رووداو دیجیتاڵ
لە سەرتاسەری ئەورووپا نموونە بە ئەڵمانیا دەهێندرێتەوە کە سیستمێکی سۆشیالی باشی هەیە بۆ کەسانی کەم دەرامەت، بەڵام حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا پێیوایە چیدیکە ناکرێت ئەو سیستمە بەردەوام بێت، چونکە بارێکی گرانە بەسەر دەوڵەتەوە؛ نەک هەر ئەوە، دەوڵەت لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی بە گۆڕینی سیستمی خانەنشینیش کردووە.
کوردی زۆر لە ئەڵمانیا هەن کە سۆشیال و یارمەتییە داراییەکانی دیکە لە دەوڵەت وەردەگرن، بۆیە ئەوە گرنگترە بۆیان لە مەسەلەی خانەنشینی. فرێدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا بە راشکاوی گوتوویەتی، ئابووریی وڵاتەکەی چیدیکە بەرگەی ئەو سیستمەی ئێستا ناگرێت، بۆیە دەیانەوێت چاکسازی بکەن، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لەجیاتی هەبوونی ئەو سۆشیالەی ئێستا پێی دەڵێن پارەی هاووڵاتی (یان بورگە گێلد)، دەیەوێت وای لێبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و تاوەکو ئەوکاتەی کەسی یارمەتی وەرگر کارێک دەدۆزێتەوە ئەو یارمەتییە بدرێت، دەبێت بۆ ئەوەش پلانێکی روونی هەبێت و ئەگەر پێیەوە پابەند نەبێت یارمەتییەکەی قۆناخ بە قۆناخ لێ ببڕدرێت.
کاتەرینا درویگە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوز لە وەڵامی راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "بەڕێز مێرتز، دەمەوێت بانگهێشتت بکەم لەگەڵم وەرە بۆ بازنەی هەڵبژاردنەکانی من، وەرە بۆ کۆلن کۆرفایلە، لە کۆلن کۆرفایلە خەڵکێکی زۆر هەن کە ژیانیان بە پارەی سۆشیالەوە بەستراوەتەوە و ژمارەی ئەو منداڵانەی پارەی سۆشیالیان پێدەدرێت زۆرن، لەم گەڕەکەدا زۆر کەس هەن تەنیا خۆیان منداڵەکانیان بەخێو دەکەن، لەم گەڕەکەدا خەڵک لە باڵەخانە بەرزەکاندا دەژین کە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کڕدراون و بە ئەنقەست بۆ تێکچوون دەهێڵدرێنەوە و خەڵکەکەش نازانێت چۆن لە دژی ئەوە بەرگری لە خۆیان بکەن."
بەرگریکردن لەو خەڵکە فرەلایەنە، بۆ نموونە، 8 رێکخراوی مەزنی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە نامەیەکیان ئاراستەی پەرلەمانتارانی فیدراڵی کردووە و داوا دەکەن، دەنگ لەسەر ئەو خاڵە نەدەن کە کرێی خانوو ببڕدرێت، لە کاتێکدا ئەگەر کەسێک پابەندی فەرمانەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان نەبێت.
لە کۆبوونەوەی ئەم کۆمیسیۆنەدا، پەرلەمانتارێکی پارتی راوێژکاری ئەڵمانیا، بەرگری لە هەڵوێستی فرێدریش مێرتز دەکات، کە پارەدارکردنی سیستمی سۆشیال ئیدی بارگرانییەکی زۆرە بۆ دەوڵەت.
گرێگۆر گۆلاند، پەرلەمانتاری یەکێتیی کریستیان دیموکرات - CDU دەڵێت، "فرێدریش مێرتز راست دەڵێت، چیدی ناتوانرێت بودجە بۆ سیستمی سۆشیال دابین بکرێت، رێژەی ئەوانەی هاوکاری لە سیستمی سۆشیال وەردەگرن بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، خەرجییەکانی سیستمی سۆشیال بەردەوام لە زیادبووندان، ئێمە دەمانەوێت لە هەر دۆخێکی تایبەتدا دادپەروەر بین لەگەڵ هەمووان، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، چیدیکە کەس لەم دۆخە تێناگات، چیدیکە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و سزاکانیش ناتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێن. بۆیە دەبێت بە روونی بڵێین، ئەوەی کار دەکات دەبێت بەرچاوڕوونیی زۆر زیاتری هەبێت لەوەی هیچ ناکات و پێویستە لەجیاتی ئەمە یارمەتیی ئەوانە بدەین کە بەبێ تاوانی خۆیان کەوتوونەتە تەنگانەوە، بۆ نموونە بەهۆی نەخۆشییەوە، یان لەبەر ئەوەی دەرکراون، بەڵام نەک ئەوانەی کە سیستمی سۆشیالی ئێمە تاڵان دەکەن و بەداخەوە ژمارەیان زیاتر دەبێت."
لەلایەن فراکسیۆنی هاوپەیمان لە ئاستی فیدراڵی و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی نۆڕدراین ڤێستفالن، پشتگیرییەکی زیاتر بۆ پاراستنی سیستمی سۆشیال دەبیندرێت.
لیزا کاپتاینات، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیمۆکراتی ئەڵمانیا - SPD دەڵێت، "پێویستە دڵنیابین کە بە کاریگەرترین شێوە وەک دەوڵەتێکی سۆشیال کار دەکەین، واتە دەوڵەتی سۆشیالمان و هەروەها ئەوەی لە یاسای بنەڕەتیدا جێگیر کراوە، دەبێت بمێنێتەوە. ناوەڕۆکەکەی دەبێت بمێنێت، دەزانین کە نابێت هیچ شتێک لابدەین، ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دەبێت بەردەوام پشت بە دەوڵەتی سۆشیال ببەستن؛ لە هەمان کاتدا بێگومان دەبێت رێگری لەوانە بکەین کە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی سیستمی سۆشیال دەدەن، چونکە ئەمەش هەمیشە دەوڵەتێکی بەهێز پێکدەهێنێت، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە بێگومان گەورەترین مەترسی لەسەر دەوڵەتەکەمان لەڕووی زیانی داراییەوە لەوانەیە کە خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە، زیاترە لەوانەی بە ناهەقی پارەی سۆشیال وەردەگرن."
حکومەتی ئەڵمانیا داوا دەکات، هەر کەسێک پابەند نەبێت بە رێنوێنی و داخوازییەکانی ناوەندەکانی کارکردن و چەند جارێک ئەو دەرفەتانەی کارکردن رەتبکاتەوە، هەرچەندە ئەگەر کارەکانیش قورس بن یان بەپێی پسپۆڕی و خوێندنی ئەو کەسانەش نەبن، بە قۆناخی جیاجیا تاوەکو 100% هاوکاریی سۆشیالەکانیان دەبڕدرێن.
ئەم سیستمی سۆشیالەی ئێستا لەو وڵاتەدا پەیڕەو دەکرێت، رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، کەسایەتیی دیاری ئەو وڵاتە، ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک، لەو کاتەدا بۆ یەکەمجار دەستەبەریی تەندروستی و نەخۆشیی گشتگیری داهێنا، لەو کاتەوە بەتایبەت لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، لە یاسای بنەڕەتیدا گۆڕانکاری کرا و ئیدی ئەو وڵاتە وەکو وڵاتێکی سۆشیال ناسێندرا، بۆیە هەر پارتێک باسی چاکسازی بکات، ناتوانێت دەست درێژ بکات بۆ لابردنی ئەو بنەما سەرەکییەی پێکەوەژیانی ئەم وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ