رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی رابردوو بەریتانیا 16 کۆچبەری بە فڕۆکەیەک بۆ فەرەنسا دەرسنوور (یان دیپۆرت) کردەوە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا (هۆم ئۆفیس)، تاوەکو ئێستا 42 کەس نێردراونەتەوە فەرەنسا، کەچی هەر ئەم هەفتەیە و بەپێی داتاکانی هۆم ئۆفیس، 589 کۆچبەری دیکە لە فەرەنساوە و بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران بە بەلەم بۆ بەریتانیا ریکۆردی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە، پار لەم هەفتەیەدا ژمارەی ئەوانەی لە ماوەی ساڵێکدا بە بەلەم خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا، گەیشتبووە 36 هەزار و 816 کەس، کەچی ئەم ساڵ زیاتر بوو و گەیشتە 36 هەزار و 886 کۆچبەر، سەرەڕای ئەوەش کاربەدەستانی بەریتانیا زۆر دڵخۆشن بەو رێککەوتنەی لەگەڵ فەرەنسا کردوویانە و دەڵێن، "مێژووییە." ئەمە قسەی شەبانە مەحموود، وەزیری نوێی نێوخۆی بەریتانیا بوو.
زۆر بەسەر ئەو قسەیەی وەزیرە بەریتانییەکەدا تێنەپەڕی، کۆچبەرێکی دیپۆرتکراوە جارێکی دیکە خۆی گەیاندەوە بەریتانیا، بەمەش جارێکی دیکە لەنێو رای گشتیی بەریتانیادا ئەو پرسیارە دروستبووەتەوە کە بەڕاستی ئەو دیپۆرتکردنەوانە چ قازانجێکیان هەیە، مادام هێشتاش کۆچبەری زۆر بە بەلەم دێن و ئەوانەی نێردراونەتەوەش دیسان دەگەڕێنەوە؟
کۆچبەرەکە دەیەوێت سەرلەنوێ داوای مافی پەنابەری بکاتەوە لە بەریتانیا، ئەو کە دەڵێت ئێرانییە؛ گوتوویەتی، لە فەرەنسا مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە، بۆیە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە. وەک ئەو باسیکردووە، لە شاری پاریس لەگەڵ دیپۆرتکراوەکانی دیکە خراونەتە کەمپێکەوە و نەیانوێراوە بچنە دەرەوە، چونکە وەکو ئەو گوتوویەتی، قاچاخچییەکان لە فەرەنسا لە هەموو شوێنێکن و چەکیان پێیە، ئەویش پێشتر کێشەی لەگەڵیان هەبووە، بۆیە لە ژیانی خۆی ترساوە و چووەتەوە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ