رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆرینەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق دروست بوون. دەشڵێت، ئێران ئێستا چیدیکە نەک تەنیا هەڕەشە نییە، بەڵکو هەموو هەوڵێک بۆ مانەوە دەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ژمارەیەک پرس، لەوانە ئاگربەستی غەززە، ئێران، پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا قسەی بۆ گۆڤاری "تایم مەگەزن"ی ئەمریکی کرد.
ترەمپ لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003دا رایگەیاند، "زۆرینەی کێشەکان ئەو کاتە دروستبوون کە بووش چووە نێو عێراق، ئەمە ناوچەکەی ناسەقامگیر کرد، چونکە یەک لایەنی بەهێز مایەوە کە پێشتر دوو بوون، عێراق و ئێران".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "عێراق و ئێران لەژێر ناو و ئایینی جیاوازدا بۆ هەزاران ساڵ شەڕی یەکدیان کردووە، بەڵام هەردووکیشیان وەکو یەکن. ئەوان شەڕ دەکەن، پاشان هەڵدەستنەوە، دواتر شەڕ دەکەنەوە. کاتێک یەکێک لە دوو هێزەکەمان تێکشکاندن، لەناکاو ئەوەی دیکە بووە کەڵەگا، کەڵەگایەکەش ئێران بوو".
حوزەیرانی ئەم ساڵ، ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان. لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "هێرشەکە 37 کاژێری خایاند و 100 فڕۆکە و 52 فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی بەشدارییان کرد. لە پێگە ئەتۆمیەکانماندان و چیدیکە هەڕەشەی ئەتۆمییان نییە".
پێش هێرشەکە، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی سەروو 60٪. تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە یەکلانەکراوەتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا "ئێستا ئێران نەک هەڕەشە نییە بەڵکو شەڕ بۆ مانەوەیان دەکەن. نەک تەنیا ئەوە، سزاشمان بەسەردا سەپاندوون و شەڕ بۆ مانەوەیان دەکەن".
ترەمپ رەخنەی لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و گوتی، "ئەوان دەیانویست ئێران بکەنە سەرداری هەموو شتێک. ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی مابایە، ئێستا ئەوان خاوەن چەکی ئەتۆمی بوون".
ساڵی 2015، ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا رێککەوتنی ئەتۆمییان واژۆکرد. چەند جارێکیش ترەمپ رەخنەی لەو رێککەوتنە گرتووە و ساڵی 2018ەش تاکلایەنە لەو رێککەوتنە کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ