سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی بازرگانی لەگەڵ کەنەدا راگرت

24-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو گفتوگۆ بازرگانییەکانیان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێدەهێنن. ئۆتاواشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ گوتەکانی سەرۆکێکی پێشووتری وڵاتەکەی لە بارەی پێناسی گومرگی کردووە.

رۆژی هەینی 24ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای کارە خراپەکانیان، هەموو گفتوگۆکان لەگەڵ کەنەدا کۆتاییان هات". دەشڵێت، "دامەزراوەی رۆناڵد ریگان رایانگەیاند کە کەنەدا بە مەبەست ریکلامێکی ساختەی رۆناڵد رەیگانیان بەکارهێناوە کە بە نەرێنی باسی پێناسی گومرگی دەکات". 
 
رۆناڵد ریگان ساڵانی 1981 بۆ 1989 سەرۆکی ئەمریکا بوو. ئەو لە کۆمارییەکانە کە هەمان پارتی ترەمپە. 
 
ئەو گوتانەی ترەمپ لەبارەی کەنەداوە تەنیا دوای دوو هەفتە لە سەردانێکی مارک کارنی، سەرۆکی کەنەدان بۆ کۆشکی سپی دێت و تێیدا بە ئەرێنیانە گفتوگۆیان دەکرد لەبارەی پێناسە گومرگییەکان. 
 
دامەزراوەی رۆناڵد رەیگان دوێنێ لە ئێکس بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا "بەشێکی دیاریکراوی ڤیدیۆ و دەنگی" گوتارێکی رەیگانیان بڵاوکردەوە کە نیسانی 1987 لەبارەی بازرگانییەوە پێشکێشی گەلی ئەمریکای کردبوو. 
 
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڵاوکراوەیەی کەنەدا لەگەڵ بۆچوونەکانی رەیگاندا یەکناگرێتەوە و "پێداچوونەوە بە بژاردە یاساییەکان لەسەر ئەو پرسە" دەکەن. 
 
بەگوتەی ترەمپ، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لەلایەن کەنەداوە بۆ دەستوەردان بووە لە بڕیاری دادگەی باڵای ئەمریکا کە ئەمڕۆ سەبارەت بە سیاسەتی پێناسی گومرگیی وڵاتەکەی لەسەر وڵاتانی دیکە بڕیار دەدات. 
 
تێکچوونی پەیوەندییەکانی واشنتن و ئۆتاوا لەکاتێکدایە 85٪ی بازرگانی نێوانیان بەبێ هیچ پێناسێکی گومرگی و بەگوێرەی رێککەوتنی ئەمریکای باکوورە کە پێی دەڵێن، یو ئێس ئێم سێ ئەی. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە