بایدن دوای ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکان: کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت لە تەنیشت یەک دەکەین

24-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە دەڵێت، سەرەتای پڕۆسەیەکە و چاوەڕێی ئازادکردنی بارمتەی زیاتر دەکەن؛ گوتیشی، "کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت لە تەنیشت یەک دەکەین".
 
رۆژی هەینی 24-11-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ویلایەتی ماساچوستس، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "ئازادکردنەکەی ئەمڕۆ سەرەتای پرۆسەیەکە. چاوەڕێ دەکەین رۆژی شەممە بارمتەی زیاتر ئازادبکرێن؛ دوو بەیانی بارمتەی زیاتر و سێ بەیانی بارمتەی زیاتر و زیاتر. پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان ئازاد بکرێن."
 
سەرۆکە 81 ساڵییەکەی ئەمریکا گوتی، "هەموو ئەوانەمان لەیادن کە هێشتا گیراون؛ هەموو کارێک دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و ئازادکردنیان."
 
بە گوتەی بایدن، ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی غەززە بەهێزە؛ بایدن هەروەها باسی لە "چارەسەری دوو دەوڵەتی" کرد و گوتی، "دووبارە کار لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەین. دوو گەل لە دوو وڵات بە ئاشتی لە تەنیشت یەکەوە بژین. موسڵمان، جوو، مەسیحی، ئیسرائیلی و فەلەستینی بەیەکەوە بژین."
 
بایدن دڵی بەو رێککەوتنە خۆشبوو کە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتی، "بەردەوام لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل، قەتەر و میسر لەسەر هێڵم بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە لەوەی هەموو بڕگە و مادەکانی نێو رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت."
 
لەبارەی غەززەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو ئاگربەستە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ناردنی ئاو، خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی، گازی و پێداویستی دیکە."
 
جۆ بایدن جەختی لەوە کردەوە کە "حەماس بە هیچ جۆرێک ناتوانێت سوود لە یارمەتییەکان وەربگرێت؛ ئەو یارمەتییانە بۆ کەسانێکن کە پێویستییان پێیانە."
 
ئەمڕۆ هەینی حەماس یەکەم گرووپی بارمتەی ئازادکرد کە 24 کەس بوون. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون، گەیشتوونەتەوە ئیسرائیل، پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت و دواتر دەگەڕێندرێنەوە نێو خێزانەکانیان.
 
بەگوێرەی ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ژمارەی بارمتە ئازادکراوەکان 24 کەسە، کە 13یان ئیسرائیلی، 10یان تایلاندی و ئەوی دیکەیان فلیپینیە؛ هەروەها ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی فەلەستینیی ئازادکرد.
 
هەر ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "ئێمە پابەندین بە گەڕاندنەوەی هەموو رفێندراوەکانمان".
 
ئەمە یەکەمین رێککەوتنی لەو جۆرە بوو لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکرێت، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە