رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و ئۆکراینا دەڵێن، پلانێکی نوێ و هەموارکراویان ئامادە کردووە تایبەت بە راگرتنی جەنگی سێ ساڵ و نیوەی ئۆکراینا و رووسیا؛ گۆڕانکاری لەو رەشنووسەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کراوە کە هەریەک لە بەرپرسانی ئۆکراینا و ئەورووپا پێیانوابوو لە بەرژەوەندیی مۆسکۆ بووە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە پاش کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای ئەمریکا و ئۆکراینا لە جنێڤ بڵاوکرایەوە، هەردوولا رایانگەیاند، گفتوگۆکانیان "بەرهەمدار" بووە. ئاماژەش بەوە دەکەن، لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبن.
بەڵام لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا، وردەکاریی هەندێک پرسی گرنگ باس نەکران؛ لەوانەش، چۆنێتیی دەستەبەرکردن و گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رووسیا.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکان دەکات، رایگەیاند، هێشتا ئەوان لەسەر زۆر بابەت قسەیان ماوە بیکەن؛ لەنێویاندا رۆڵی ناتۆ، بەڵام تیمەکەی توانیویانە نیگەرانیی ئۆکراینییەکان لە پلانە 28 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەم بکەنەوە.
روبیۆ لەدوای کۆبوونەوەکەیان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەرچاو، ئامانجەکانمان بەدەستهێنان."
پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە رەخنەی لە سەرکردایەتیی ئۆکراینا گرت و تۆمەتباریکردن بەوەی سوپاسگوزاری هاوکارییەکانی ئەمریکا نەبوون، بەڵام دواتر بەرپرسانی ئۆکراینا جارێکی دیکە سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەمریکا دووپاتکردەوە.
پاشان بەرپرسانی ئەورووپا چوونە پاڵ شاندەکەی ئەمریکا و ئۆکراینا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و داڕشتنی رەشنووسێکی نوێ لە پلانەکەی ئەمریکا، کە لە پلانە کۆنەکەدا واشنتن پێشنیازی سنووردارکردنی هێزە چەکدارەکانی کیێڤ و دەستبەرداربوونی هەندێک ناوچە لە ئۆکراینا دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێتیی ئەورووپاش پلانی تایبەتی بۆ ئاگربەست و ئاشتی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا هەیە. ئەورووپییەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن، ئۆکرانیا هێزێکی گەورەتری پێبدرێت لەوەی لە پلانی ئەمریکا هاتووە و گفتوگۆکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیش دەبێت بە رێککەوتن بێت، نەک پێشوەختە بڕیار بدرێت، چ ناوچەیەک بدرێتە رووسیا.
پێش گفتوگۆکانی جنێڤ، ترەمپ مۆڵەتی تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی دایە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ پەسندکردنی پلانەکە کە داوا لە ئۆکراینا دەکات دەستبەرداری چەند ناوچەیەک ببێت، سنووردارکردنی پێگە و ژمارەی سەربازەکانی قبووڵ بکات و واز لە خواستەکانی چوونە نێو ناتۆ بهێنێت.
بۆ زۆرێک لە ئۆکراینییەکان، ئەو مەرجانە وەک خۆبەدەستەوەدان تەماشا دەکرێت، لەدوای نزیکەی چوار ساڵ لە شەڕکردن، بەڵام دواتر ترەمپ هەندێک پاشگەز بووەوە و رایگەیاند، پلانەکەی دوا پلان نییە و دەکرێت دەستکاری بکرێت.
روبیۆ رایگەیاند، ئەمریکا هێشتا پێویستی بە کاتە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و هیوای خواست تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بگەنە رێککەوتنێک؛ بەڵام ئاماژەی بەوەش دا، رەنگە گفتوگۆکان و دانوستاندنەکان کاتی زیاتر بخایێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکی و ئۆکراینی ئاگادار لە گفتوگۆکان، رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکراینا تاوتوێی ئەگەری سەردانی زیلینسکی-یان بۆ واشنتن کردووە، رەنگە ئەو سەردانەش هەفتەی داهاتوو بێت، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممە، روبیۆ رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە رەنگە باشترین گفتوگۆی نێوان سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بووبێتن، لەوەتەی ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی.
لای خۆیەوە، ئەندرێ یرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکراینا سوپاسی ترەمپی کرد بۆ پشتگیریکردنی کیێڤ.
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا پلانێکی 28 خاڵیی تایبەت بە کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیای راگەیاند، بەڵام لەوکاتەوە، ئۆکراینییەکان و ئەورووپییەکان نیگەرانن لەو پلانە و ئەورووپییەکان دەڵێن، لە داڕشتنی ئەو پلانە راوێژیان پێنەکراوە.
رەشنووسی پلانەکەی ئەمریکا، زۆرێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی رووسیای لەبەرچاو گرتووە، بەڵام تەنیا دڵنیایی ناڕوون بە ئۆکراینا دەدات سەبارەت بە "گەرەنتیی ئەمنی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ