رووداو دیجیتاڵ
میدیا فەرمییەکانی بەیژینگ رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی هاوئاهەگی دوولایەنە و دۆسیە هەستیارەکەی تایوانیان کردووە، کە لەم دواییانەدا بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
رۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی شینهوای فەرمی چین رایگەیاند، شی، بە ترەمپی راگەیاندووە، پێویستە هەردوو وڵات "گەشەسەندنی پەیوەندییەکان بپارێزن" و پابەندبن بەو لێکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەی مانگی رابردوویان لە کۆریای باشوور پێیگەیشتوون. لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوو سەرکردە هەوڵیاندا شەڕە بازرگانییە سەختەکەی نێوانیان هێور بکەنەوە و رێگە بۆ رێککەوتنی نوێ خۆش بکەن.
تەلەڤزیۆنی ناوەندیی چین (CCTV) ئاماژەی بەوە کردووە، لەبارەی پرسی تایوان، شی، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی بەیژینگ کردووەتەوە و رایگەیاندووە "گەڕانەوەی دوورگەکە بۆ ژێر دەسەڵاتی چین بەشێکی بنەڕەتی و گرنگە" لە سیستمی جیهانی.
چین، تایوانی دیموکرات و خۆبەڕێوەبەر، کە خاوەنی حکومەتی هەڵبژێردراوی خۆیەتی، بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و چەندینجار هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کردووە بۆ هێنانەوەی دوورگەکە بۆ ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
گرژییەکان لەم دواییانەدا دوای لێدوانەکانی سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، زیاتر بوون، کە ئاماژەی بەوە کردبوو تۆکیۆ رەنگە دەستوەردانی سەربازی بکات لە ئەگەری هەر هێرشێکی چین بۆ سەر تایوان، ئەمەش نیگەرانیی بەیژینگی لێکەوتەوە.
لە کاتێکدا ئەمریکا بە فەرمی دان بە بانگەشەی تایواندا نانێت بۆ دەوڵەتبوون، بەڵام وەکو گرنگترین هاوبەشی نێودەوڵەتی و دابینکەری سەرەکیی چەکی بەرگری بۆ دوورگەکە ماوەتەوە.
لین چیا لونگ، دیپلۆماتکاری باڵای تایوان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا گوتی، نیگەرانی هەیە لەوەی کە گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان ترەمپ و شی "رەنگە بەرژەوەندییەکانی تایوان بکاتە قوربانی" لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنی بازرگانی.
ترەمپ و شی، لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019ـەوە رووبەڕوو کۆبوونەوە، کە بووە دەستپێکی زنجیرەیەک گفتوگۆی بازرگانیی چڕ لەنێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهاندا.
ململانێی ئابووریی نێوان واشنتن و بەیژینگ بۆ ماوەی چەندین مانگ بازاڕەکانی جیهانی هەژاندووە و بووەتە هۆی پەکخستنی زنجیرەکانی دابینکردن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن هیوادارە تاوەکو پشووی رۆژی سوپاسگوزاریی ئەمریکا، کە دەکەوێتە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ بەیژینگدا بۆ دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان واژۆ بکات.
رێککەوتنێکی سەرەتایی کە لە کۆبوونەوەی مانگی رابردوودا بەدەستهات، بەیژینگ رازی بوو بۆ ماوەی یەک ساڵ هەندێک سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا گرنگەکان بۆ ئەمریکا رابگرێت.
چین، باڵادەستییەکی گەورەی هەیە لە دەرهێنان و پرۆسێسکردنی کانزا دەگمەنەکان، کە بۆ دروستکردنی پێکهاتە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان لە چەندین پیشەسازیدا، لەوانە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، مۆبایلی زیرەک و تەکنەلۆژیای بەرگری، زۆر گرنگن.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی ترەمپ و شی پێی گەیشتوون، ئەمریکا پێناسی گومرگی لەسەر هەندێک بەرهەمی چینی کەمدەکاتەوە، لە بەرامبەردا بەیژینگ پابەند دەبێت بە کڕینی لانیکەم 12 ملیۆن تۆن فاسۆلیای ئەمریکی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و 25 ملیۆن تۆن لە ساڵی 2026ـدا.
ئاژانسی شینهوا بڵاویکردەوە، شی، رۆژی دووشەممە بە ترەمپی گوتووە کە کۆبوونەوە "سەرکەوتووەکەی" کۆریای باشوور "یارمەتیدەر بووە لە راستکردنەوەی رێڕەوەکە و هاندانی جووڵەی بەردەوامی کەشتییە زەبەلاحەکەی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا".
شی، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا جێگیر ماونەتەوە و بەردەوام بوون لە باشبوون، کە ئەمەش لەلایەن هەردوو وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازیی لێکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ