پیاوێک کەسێکی سووتاند بەڵام کوشتنی 76ـی دیکەی بەسەردا ساخبووەوە

25-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی ئەفریقای باشوور پیاوێکیان دەستگیرکرد، کە ساڵی رابردوو کەسێکی کوشتبوو و ئاگری تێبەردابوو، بەڵام لە ئەنجامی ئاگرەکە 76 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدابوو و 80 کەسیش بریندارببوون، پیاوەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
پۆلیسی ئەفریقای باشوور دەڵێت، رۆژی سێشەممە، 23-1-2024، ئەو پیاوە 29 ساڵەیان دەستگیرکردووە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە، لە 31-8-2023 بە فەرمانی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە کەسێکی داوە، دواتر خنکاندوویەتی و لە ژێرزەمینی باڵەخانەیەک لە شاری یۆهانسبێرگی ئەو وڵاتە، ئاگری لە تەرمەکەی بەرداوە.
 
دوای ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە دەکات، باڵەخانە پێنج نهۆمییەکە گڕ دەگرێت و 76 کەس کە 12یان منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا و 80 کەسیش برینداربوون، کە هەندێکیان دەست، قاچ یان پشتیان شکاوە کاتێک لە پەنجەرەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی پۆلیسی ئەو شارە، پیاوە ناونەهێنراوەکە لە دادگە رووبەڕووی 76 تاوانی کوشتن، 120 تاوانی هەوڵی کوشتن، 80 بریندارکردن و 1 ئاگرکردنەوە دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت سزایەکی قورس بدرێت.
 
ئەو پیاوە هەروەها گوتوویەتی، دانیشتووانی ئەو باڵەخانەیە زۆرینە قاچاخچی، بەکارهێنەری هۆشبەر، تاوانبار و کۆچبەری نایاسایی بوون. هەروەها، ئەو کەسە دانی بەوەدا ناوە کە پێش ئەوەی ئەو پیاوە بکوژێت، چەند تەرمێکی دیکە لە ژێر زەمینەکە هەبوون.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ئای ئێس ئێس ئەفریقا، لە ساڵی 2023 لە هەموو 100 هەزار کەسێک 45 کەس کوژراون، لە نێوان تەمموز بۆ ئەیلوولی 2023 لانیکەم 6 هەزار و 945 کەس کوژراون.
 
هەروەها لەو ساڵەدا، 13 هەزار و 90 کەس دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتەسەر و 42 هەزار و 297 کەسیش لێیان دراوە.
 
لە کۆی 163 وڵاتی پڕ ئاشتیی جیهان، ئەفریقای باشوور پلەی 130 گرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە