ئۆکراینا: شەوی رابردوو 11 درۆنی رووسیامان خستە خوارەوە

25-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا هێرشێکی رووسیای بۆ سەر ناوچەی باشووری ئۆکراینا بڵاوکردەوە، کە تێیدا 14 درۆنی شاهید بەکارهاتوون و 11 درۆنیان بەرپەرچدراونەتەوە. وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، شەش کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، شەوی رابردوو رووسیا 14 درۆنی شاهیدی دروستکراوی ئێرانیان ئاراستەی هەرێمەکانی ئۆدێسا و میکۆلایڤ کردووە و هێزەکانیان توانیویانە 11 لەو درۆنانە بخەنە خوارەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا دەڵێت، ئەو هێرشە درۆنییە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش کەس و خاپوورکردنی چەند خانوویەک لە ئۆدێسا.
 
ئۆلێ کیپەر، پارێزگاری هەرێمیی ئۆدێسا رایگەیاند، دوو کەس لە نزیک بەندەرێکی دەریای رەش بریندار بوون.
 
کیپەر هەروەها گوتی، "هەرچەندە سیستمی بەرگریی وڵات کارێکی بێوێنەیان کرد لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دووژمن، بەڵام دامەزراوەیەکی پیشەسازیی ئۆدێسا و چەند خانوویەک و ژێرخانی مەدەنی زیانیان پێگەیشت."
 
چەند جارێکە کیێڤ داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات یارمەتی یۆکراینا بدەن لە بەهێزترکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە.
 
دوێنێ چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەمڕۆ، رووسیا نزیکەی 40 جۆری جیاوازی مووشەکی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئۆکراینا کرد."
 
لەبارەی ئاماری کوژرا و برینداران، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "هەرچەندە زۆرینەی مووشەکەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام 18 کەس بەهۆی بۆردوومانەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 130 کەسیش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی 130 خانوو زیانیان پێگەیشت."
 
رۆژی 4-1-2024، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، کاری هەرە لە پێشینەیان بریتییە لە بەهێزترکردنی سیستمی بەرگری و مووشەکی، چونکە چەندین ناوچە بەر هێرش و مووشەکەکانی رووسیا کەوتوون.
 
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.