پێنتاگۆن بۆ رووداو: هیچ داواکارییەکمان بۆ کشاندنەوەی هێزەکانمان لە عێراق بەدەستنەگەیشتووە

26-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
لۆگۆی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، واشنتن هیچ داواکارییەکی لە حکومەتی عێراق بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراقەوە بەدەستنەگەیشتووە و ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق - ئەمریکا لەوبارەیەوە کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر شێوازی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئێمە هیچ داواکارییەکمان لە حکومەتی عێراق بۆ کشانەوەی هێزەکانمان بەدەستنەگەیشتووە. لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق- ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە پەیوەندی داهاتوومان لەگەڵ عێراق چۆن دەبێت لە چوارچێوەی پەیوەندی دوولایەنەمان".
 
سابرینا ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق - ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆدەبنەوە و گوتیشی، "ئێمە ئەو گفتوگۆیانە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێدەکەین لەبارەی ئەوەی کە بوونی ئێمە لە عێراق بە چ شێوەیەک دەبێت و ئەوەش لەسەر چەند بنەمایەک دیاری دەکرێت."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و بەغدا "لە چەند رۆژی داهاتوودا" دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوانیان دەکەن. عێراق دەڵێت، ئامانج لەو گفتوگۆیانە دانانی خشتەی کات و قۆناخەکانی کشانەوەی هێزە بیانییەکانە لە عێراق، بەڵام وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەوە "هەنگاونانە بۆ قۆناخی پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی درێژخایەن لە نێوان عێراق و ئەمریکا."
 
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، دیاریکردنی کاتی گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا بە بڕیارێکی سادە نابێت، بەڵکو بە چەند قۆناخێک دەبێت و بەند دەبێت لەسەر سێ بنەما کە بریتین لە قەبارەی "هەڕەشەی داعش، هەلومەرجی کارکردن، ئاستی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە خاکی عێراق بکات".
 
لە 17ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی لایەنگری ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، لانیکەم 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. گرووپەکە دەڵێت، ئەوە لە تۆڵەی پشتیوانیکردنی ئەمریکایە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
 
لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان. بەرپرسانی عێراقی گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەو هێرشانە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق.
 
دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011دا، هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ساڵی 2014  لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕانەوە عێراق بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکە لە شەڕی دژی داعش و بەرەوپێشبردنی توانای هێزە ئەمنییەکان.
 
هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکە 86 ئەندامی هەیە، لە ساڵی 2021ـەوە ئەرکی شەڕکردنی نەماوە و گۆڕاوە بۆ راهێنان و راوێژدان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان.
 
لەو چوارچێوەیەدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکا و 500ـی 20 وڵاتی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە، لە چوار شوێن جێگیرکراون کە ئەوانیش دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بنکەی یونیەن سێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا و ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە