زیلینسکی: پووتین دەیەوێت ترەمپ لە بابەتی ئۆکراینادا بەکاربهێنێت

25-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ڤلادیمیر پووتین دەیەوێت لە بابەتی ئۆکراینادا ترەمپ لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا ستایشی سەرۆکی ئەمریکای کرد و ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵی دەربڕی. 
 
رۆژی هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "ئەو [پووتین] دەیەوێت خواستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بەکاربهێنێت". 
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد، ڤلادیمیر پووتین جگە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرکردەکانی دیکەی جیهانیش لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت. 
 
هەر دوێنێ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی: "هەمیشە گوتوومانە و دەمەوێت جارێکی دیکەش جەختی لێبکەمەوە، لەسەر پرسی ئۆکراینا بۆ ئەو دانوستاندنە ئامادەین" کە سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 20-01-2025 سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکاربوو. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا ترەمپ بەڵێنیدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بهێنێت. ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستی پێنەدەکرد.
 
سەرۆکی رووسیا لەوبارەوە گوتی: "هاوڕای ئەوم. ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمریکا بووایە و لە 2020 هەڵبژاردنەکەیان لێ نەدزیبایە، لەوانەیە قەیرانەکەی ئۆکراینا رووینەدایە."
 
رۆژی 23ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس کرد و رایگەیاند: "ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستبەجێ کۆتایی دێت."
 
ترەمپ گوتی: "ئێستا نرخی نەوت بەرزە و ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی رووسیا درێژە بە جەنگەکە بدات. دەبێت نرخی نەوت بهێنینە خوارەوە و کۆتایی بەو جەنگە بهێنین". 
 
لە داڤۆس پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا تاوەکو بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داهاتوو جەنگەکە دەوەستێت؟" ترەمپ گوتی: "دەبێت پرسیار لە رووسیا بکەن. ئۆکراینا بۆ رێککەوتن ئامادەیە." 
 
چەند کاژێرێک پێش گوتەکانی ترەمپ، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رووسیا ئامادەی دایەلۆگێکی هاوبەش بوو لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش. ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئاماژەکان دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە."
 
رۆژی 21-1-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری بەسەر رووسیادا کرد لە ئەگەری ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بە گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا رازی نەبێت.
 
ترەمپ گوتی: "پێم وایە ئەو (پووتین) رووسیا تێکدەشکێنێت ئەگەر رێککەوتن نەکات"؛ جەختی لەوەش کردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ویستی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و رێککەوتن پیشان داوە.
 
بەرپرسانی رووسیا چەند جارێک رایانگەیاندووە، ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ئۆکراینیەکان، ئەگەر ئۆکراینا دەست لەو خاکە هەڵگرێت کە رووسیا لە ماوەی جەنگدا کۆنترۆڵی کردووە؛ هەروەها ناشیانەوێت ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ .
 
رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە و هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیای لەژێردەستە و لە 2014یشەوە نیمچە دوورگەی کریمیای خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت