لە سوودان بە درۆن هێرشکرایە سەر نەخۆشخانەیەک و 67 کەس کوژران

25-01-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی دارفوری باکوور لە سوودان، هێرشکرایە سەر نەخۆشخانەیەکی شارەکە و بەهۆیەوە 67 کەس کوژران و 37ی دیکەش برینداربوون. 
 
رۆژی شەممە، 25ی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی تەندروستیی سوودان رایگەیاند، شەوی هەینی بە درۆن هێرش کرایە سەر نەخۆشخانەیەکی هەرێمی دارفوری باکوور و بەهۆیەوە 67 کەس کوژران و 37ی دیکەش بریندار بوون. نەخۆشخانەکە لە شاری ئەلفاشری پایتەختی هەرێمەکە بوو. 
 
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، ئەو نەخۆشخانەیەی هێرشیکرایە سەر، ناوی نەخۆشخانەی سعودیەیە. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. 
 
لە نیسانی 2023ـەوە سوپای سوودان لەگەڵ هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای وڵاتەکەیان لە شەڕدان کە زۆرینەی ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی دارفوری باکووریان کۆنترۆڵکردووە. لە ئایاری پارەوە هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا گەمارۆی شاری ئەلفاشریان داوە، بەڵام نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن. 
 
هەفتەی رابردوو، ئەو گرووپە چەکدارە رایگەیاند، داوا لە هێزەکانی سوپا و هاوپەیمانەکانیان دەکەن پێش ئەم چوارشەممەیە شارەکە چۆڵبکەن، پێش ئەوەی هێرشێکی چڕ بکەنە سەر شارەکە. دوێنێ لە هێرشێکی ئەو گرووپە بۆ سەر کەمپێکی پایتەختی هەرێمەکە هەشت کەس کوژران. 
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سیف ماگانگۆ، گوتەبێژی نووسینگەی کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ گوتی، "خەڵکی ئەلفاشر ناڕەحەتی زۆریان چەشتووە". گوتیشی، داوا لە هەردوولایەن دەکەن کار بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بکەن. 
 
بە گوێرەی چالاکڤانانی سوودان، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوودا سێ هێرش بە درۆن کراونەتە سەر زانکۆ و نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەیەی سوودان. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە