ترەمپ نزیکەی هەموو یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ دەرەوە دەوەستێنێت

25-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی، هەموو ئەو یارمەتییانەی وەستاند کە پێشتر ئەمریکا بۆ وڵاتانی دیکەی دەناردن، تەنیا ئەو یارمەتییە سەربازییە نەبێت کە بۆ ئیسرائیل و میسر دەنێردرێت. لە ئەمڕۆوە، بڕیارەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
ترەمپ هەر لە رۆژی دووشەممە، چەند کاژێرێک دوای دەستبەکاربوونی، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد بۆ ئەوەی بەرنامەکانی یارمەتیی دەرەکی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵبپەسێردرێن، تاوەکو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و بزانرێت ئەو یارمەتییانە تاوەکو چەند پێویستن، یاخود ئایا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەگونجێن یان نا. 
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی کردووە دەست بە جێبەجێکردنی فەرمانەکەی ترەمپ بکرێت و بێجگە لە ئیسرائیل و میسر، یارمەتی لەسەر هەموو وڵاتەکانی دیکە ببڕن. 
 
ئەوەی کە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ روونیان نەکردووەتەوە، ئەوەیە کە ئەم فەرمانە چ کاریگەرییەکی لەسەر یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەبێت بۆ ئۆکراینا، کە لەگەڵ رووسیا لە جەنگدایە و بە دیاریکراوی لەم قۆناخەدا پێویستییەکی گەورەی بە چەک و تەقەمەنی هەیە. 
 
لە چوارچێوەی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا، وڵاتەکە مانگانە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار دەداتە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، شاکۆ عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراو یان ئاگادارکردنەوەیەکمان لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پێنەگەیشتووە و لیستی مووچەی مانگی یەکیشمان بۆ هاوپەیمانان ناردووە."
 
بە گوتەی شاکۆ عوسمان، "بەگوێرەی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە لە ساڵی 2022ـدا لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەدا واژۆکرا، لە خاڵێکدا باس لەوە کراوە کە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن. واتا تاوەکو ئەو کاتە مسۆگەر کراوە، تەنیا مەگەر بڕیارێکی نوێ بدرێت کە یاداشتنامەکە هەڵبوەشێنێتەوە."
 
بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم دواییانەدا چەند جارێک شاندی هاوپەیمانان و ئەمریکا سەردانیان کردووین، گەر بەگوێرەی قسەی ئەندامانی ئەو شاندە بێت، هاوکارییەکان بەردەوام دەبن و هیچ نیازێک بۆ راگرتنیان نییە."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گومانی دەکرد ترەمپ ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا بوەستێنێت، بۆیە پێش ئەوەی کۆشکی سپی جێبێڵێت، بڕێکی گەورەی یارمەتیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا نارد. 
 
بە گوێرەی ئەو یاسا و بڕیارانەی لە لایەن کۆنگرێس و بایدنەوە پەسندکراون، پێویستە ئەمریکا بایی 3 ملیار و 850 ملیۆن دۆلاری دیکە چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکراینا بنێرێت، بەڵام دیار نییە ترەمپ پابەند دەبێت یان هەڵیدەوەشێنێتەوە. 
 
زیاتر لە هەر وڵاتێکی سەرانسەری جیهان، ئەمریکا یارمەتی پێشكێش بە دەرەوە دەکات. یارمەتییەکە لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 60 ملیار دۆلار بوو کە دەکاتە 1٪ـی بودجەی ئەو ساڵی ئەمریکا. 
 
بە گوێرەی یاداشتێکی ئەمڕۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وێڕای فەرمانەکەی ترەمپ، ناردنی یارمەتیی خۆراک بۆ دەرەوە بەردەوامدەبێت، ئەوەش لەبەرئەوەی لە دوای ئاگربەست، یارمەتییەکی زیاتر دەنێردرێت بۆ کەرتی غەززە، هەروەها وڵاتی سوودانیش بە هۆی جەنگەوە بە قاتوقڕی و برسێتیدا دەرباز دەبێت. 
 
بەڵام رێکخراوە مرۆییەکان ناڕازین و رەخنە لە بڕیارەکەی ترەمپ دەگرن، چونکە یارمەتییە پزیشکییەکانیش دەوەستن. 
 
ئابی ماکسمەن، سەرۆکی لقی رێکخراوی ئۆکسفام لە ئەمریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت، وەستاندنی ئەو یارمەتییانە "دەکرێت ببێتە بابەتی مان و نەمان" بۆ منداڵان و خێزانەکان لە سەرانسەری جیهان. 
 
سەرۆکی لقی رێکخراوی ئۆکسفام لە ئەمریکا دەشڵێت: "بە وەستاندنی یارمەتیی گەشەپیدانی بیانی، ئیدارەی ترەمپ مەترسی دەخاتە سەر ژیان و داهاتووی ئەو خەڵکەی بە دەست قەیرانەکانەوە دەناڵێنن. ترەمپ هەروەها پشت دەکاتە سیاسەتی لە مێژینەی ئەمریکا کە هەردوو پارتی سەرەکی لەسەری کۆکن بۆ پشتیوانیکردنی خەڵک بە گوێرەی پێویستی و بێ رەچاوکردنی سیاسەت."
 
روبیۆ ئەمڕۆ فەرمانی بە هەموو باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان کردووە یارمەتییەکان بوەستێنن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی ئەو بڕە یارمەتییەی پێشكێش دەکرێت "دوو هێندەی پێویست نییە، کاریگەرە و لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ترەمپ یەکدەگرێتەوە."
 
بڕیارە مانگی داهاتوو، رێنمایی بۆ چۆنیەتیی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی یارمەتیی دەرەکی بە باڵیۆزخانە و کۆنسسووڵخانەکان بدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەنگونجێن یان نا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە