رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نوقم بوو. پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە دەڵێت، 50 کەسیان رزگار کردووە، بەڵام تەرمی ژنێک و منداڵێک دۆزراونەتەوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
گوتەبێژی پاسەوانی سنووری یۆنان ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026 رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک دوورگەی "ئیکاریا" لە باکووری دەریای ئیجە روویداوە. تیمەکانیان توانیویانە 50 کۆچبەر رزگار بکەن و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکانی دیکە، گوتەبێژەکە گوتی، "ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بە کەشتیی پاسەوانی سنوور بەردەوامە و تیمێکی غەواس بۆ دۆزینەوەی سێ بێسەروشوێنەکەی دیکە رەوانەی ناوچەکە کراون."
بەپێی میدیا فەرمییەکانی یۆنان (ERT)، بایەکی زۆر بەهێز لە ناوچەکەدا هەڵیکردووە و رێگری لە خێرایی کارەکانی تیمی رزگارکردن دەکات.
دوورگەی ئیکاریا کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی رۆژئاوای تورکیا، یەکێکە لە رێڕەوە سەرەکییەکانی کۆچبەران بۆ چوونە نێو خاکی یەکێتیی ئەورووپا. چاودێران دەڵێن کۆچبەران جگە لەم رێگەیە، رێڕەوی مەترسیداری لیبیا بەرەو دوورگەی کریت-یش بەکاردەهێنن.
رووداوەکانی نوقمبوونی بەلەمەکان لە وەرزی زستاندا زیاتر دەبن؛ سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی پار، 17 کۆچبەر لە نزیک دوورگەی کریت خنکان و تەنیا دوو کەسیان رزگار کران.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، لانیکەم 107 کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
هەروەها بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 33 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ