کۆمپانیای شێڵ: ئەورووپا مانگی داهاتوو رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی دەبێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (شێڵ) هۆشداری دەدات کە ئەورووپا لە مانگی داهاتووەوە بە تەواوی هەست بە کەمیی سووتەمەنی دەکات. دەشڵێت، لێکەوتەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران وەک شەپۆلێک بازاڕەکانی جیهانی گرتووەتەوە و ئێستا نۆرەی ئەورووپایە.
 
وایل سەوان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شێڵ (Shell) رایگەیاند، کاریگەرییەکانی جەنگ سەرەتا لە باشووری ئاسیا، دواتر لە باشووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەرکەوتن و ئێستا لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی نیسان، قەیرانەکە دەگاتە ئەورووپا.
 
بەگوتەی سەوان، جەنگەکە لە ئێستاوە کاریگەریی کردووەتە سەر دابینکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە (Jet Fuel)، چاوەڕێش دەکرێت لە قۆناخی داهاتوودا گازوایل (دیزڵ) تووشی کورتهێنان بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و زیادبوونی گەشتەکان لە نیوەگۆی باکووری زەوی، بەنزینیش دەچێتە ناو بازنەی قەیرانەکەوە.
 
بەڕێوەبەری شێڵ جەختی کردەوە کە "وڵاتان ناتوانن ئاسایشی نیشتمانییان هەبێت ئەگەر ئاسایشی وزەیان نەبێت." راشیگەیاند، کۆمپانیاکەیان کار لەگەڵ حکومەتەکان دەکات بۆ ئەوەی رێگەیان نیشان بدات چۆن مامەڵە لەگەڵ داخوازییەکان و پرسی کۆگاکردنی وزەدا بکەن.
 
وایل سەوان ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای شێڵ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بڕیار لەسەر وەبەرهێنان لە یەک یان دوو پڕۆژەی گازی سرووشتی لە وڵاتی ڤەنزوێلا دەدات، بەو مەرجەی بارودۆخی یاسایی و دارایی ئەو وڵاتە رێگەیان پێ بدات.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی: "ئێمە ئێست سەیری ئەوە دەکەین چۆن دەتوانین سوود بە گەلی ڤەنزوێلا بگەیەنین، بەتایبەت لە بواری گازی سرووشتی کە دەکرێت وەک گازی شل (LNG) سوودی لێ وەربگیرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە