نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەی پاپا فرانسیس دەکات

25-04-2025
سۆران حوسێن
وێنەیەکی نێچیرڤان بارزانی و پاپا فرەنسیس
وێنەیەکی نێچیرڤان بارزانی و پاپا فرەنسیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوشان لەگەڵ سەرکردەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتی جیهان، لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە پاپای ڤاتیکان بەشدار دەبێت.
 
سبەی شەممە، سەرکردەکانی جیهان لە ڤاتیکان لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە پاپا فرانسیسدا بەشداری دەکەن، کە 21ی نیسان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ هەینییدا دەڵێت: "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25-4-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواييكردن له‌ پاپاى ڤاتيكان به‌ره‌و رۆمای پايته‌ختى ئيتاڵیا به‌ڕێده‌كه‌وێت".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى که‌ له‌ هه‌مان کاتدا نوێنه‌رایه‌تیی عێراقیش ده‌کات، سبه‌ى شه‌ممه‌ له‌ ڤاتيكان له‌ رێوڕه‌سمى فه‌رميى ماڵئاواييكردن له‌ پاپا فرا‌نسيس به‌شدار ده‌بێت كه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى جيهانه‌وه‌، به‌شداری تێدا ده‌کرێت‌".
 
لە رێوەڕسمەکەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین سەرکردەی دیکەی جیهان بەشداری دەکەن.
 
پەیوەندی پاپا فرانسیس و کورد
 
پەیوەندیی پاپا فرانسیس لەگەڵ کورد و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەو بوو.
 
لە 13-03-2013دا پاپا فرانسیس پێشوازی له‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی كرد، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی رۆژی 30-05-2014یش لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبووەوە. لەو دیدارەدا وێڕای باسکردنی دۆخی ئاوارەکان کە لە ئەنجامی هێرشی داعش هاتبوونە هەرێمی کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڤاتیكانیش تاوتوێ کران.
 
نێچیرڤان بارزانیش 02ـی ئاداری ساڵی 2015 کە ئەو کات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، سه‌ردانی ڤاتیکانی کرد و پوخته‌یه‌كی لە‌باره‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی هەرێمی کوردستان بۆ پاپا فرانسیس بۆ باسکرد.
 
هەر لەو سەردانەدا نێچیرڤان بارزانی باسی دۆخی ئاوارە و پەنابەرانی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببوون.
 
‌دووه‌مین دیداری نێچیرڤان بارزانی و پاپا فرانسیس لە رۆژی 12-01-2018 بوو؛ لەو دیدارەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان، دۆخی ئاوارە و کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
 
دوایین کۆبوونەوەی پاپا فرانسیس لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.
 
رۆژی 19-02-2020، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ڤاتیکانی کرد و تابلۆیەکی پێشکێشی پاپا فرانسیس کرد، کە گوزارشتی لە پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ ئایینی و كولتوورییەکانی هه‌رێمی كوردستان دەکرد.
 
سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێمی کوردستان
پەیوەندییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان، سەردانی پاپا فرانسیسی بۆ هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە، کە یەکەم جار بوو لە مێژوودا پاپای ڤاتیکان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 
07ـی ئاداری 2023، پاپا فرانسیس سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا پێشوازی لێکرا.
 
پاپا فرانسیس دوای پێشوازیکردن لێی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەردانی موسڵ و قەرەقووشی کرد و ئێوارەی هەمان رۆژ گەڕایەوە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە یاریگەی فرانسۆ هەریری رێوڕەسمێکی گەورەی جەماوەری رێکخرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا پاپای ڤاتیکان گوتارێکی پێشێکرد و گوتی: "سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتووانی کوردی خۆشەویست".
 
لەو گوتارەدا پاپا فرانسیس رایگەیاند: "زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم؛ ئێوە ئەم رێوڕەسمەتان بە نوێژ، پێشوازیکردن و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە رێکخست؛ سوپاس و ستایشی تایبەت لە قووڵایی دڵمەوە بۆ دانیشتووانی کوردی خۆشەویست".
 
پاپای ڤاتیکان هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی کرد، هاوکاربوون بۆ سەرخستنی سەردانەکەی.
 
پاپا فرانسیس لە موسڵیش گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیانێکی گەورەیە.
 
پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان
 
پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان جێگەی ستایشی پاپای ڤاتیکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە. 
 
ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەرێمی کوردستاندا هەشت ئایین بە فەرمی تۆمار کراون، ئەوانەشی تۆمار نەکراون لە هەرێمی کوردستان رێزیان لێدەگیرێت".
 
ئیسلام، کریستیان، ئێزدی، کاکەیی، جوو، بەهایی، زەردەشتی و سابیئەی مەندایی، ئەو هەشت ئایینەن لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کراون و زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئایینی ئیسلام پەیڕەو دەکەن.
 
ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان 250 بۆ 300 هەزار کەسدایە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستان دەژین.
 
بەڕێوەبەری ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان زۆر ئەرێنییە. لەکاتی هێرشی داعشدا 90%ـی کریستیانەکانی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان، خوێندن چەندین مانگ لە ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی دهۆک خوێندن راگیرا و کرانە پەناگە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش ئەوەی سەلماندووە کە پێکەوەژیان لە ئاستێکی باڵادایە".
 
پاپا فرانسیس
 
پاپا فرانسیس لە 17-12-1936 لەدایکبوو، یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئەمریکای باشوور بوو ببێتە پاپا؛ دووەم کەسایەتیی کاسۆلیکی دەرەوەی کیشوەری ئەورووپاش بوو دوای گریگۆری سێیەم ئەو ناسناوەی وەرگرتبێت. دوای تووشبوون بە نەخۆشی، دووشەممە 21ی نیسانی 2025 لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
پاپا فرانسیس ناوی تەواوی خۆرخێ ماریۆ بێرگێلیۆیە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکەکانی جیهان بوو، لە 13ـی ئاداری 2013 وەک 266ـەمین پاپای ڤاتیکان دیاریکرا.
 
دوای کۆچی دوایی پاپا فرانسیس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پاپا فره‌نسیس به‌ جه‌سته‌ کۆچی دوایی کرد، به‌ڵام یاد و په‌یامه‌كه‌ی هه‌میشه‌ به‌ چرای هیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌مێنێته‌وه‌. بۆ ئێمه‌ش یادی سه‌ردانه‌که‌یان بۆ هه‌رێمی کوردستان له‌ 2021، بۆ هه‌میشه‌ زیندوو و جێی شانازیمان ده‌بێت".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.