رووداو دیجیتاڵ
لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن لە پاپا فرانسیس چڕکراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت سەدان هەزار کەس بەشداری بکەن.
بۆ رێکخستنی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی میوانان، پلانێکی تایبەتی هاتووچۆ داڕێژراوە و لە چەند شوێنێکی دوورتر شاشەی گەورە دادەنرێن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن رێوڕەسمەکان ببینن.
هاوکات رێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر؛ لە ئاسمانەوە بە هەلیکۆپتەر چاودێریی دۆخی سەر زەوی دەکرێت و لەسەر زەویش تیمە ئەمنییەکان چاودێریی ئاسمان و زەوی دەکەن.
دەیان دامەزراوەی حکومی ئیتاڵیا لە کەرتی تەندروستی، ئاسایش و پاراستنی مەدەنی، بنکە و وێستگەی کاتییان لە نزیک ڤاتیکان داناوە.
دەیڤد ڤابی، بەرپرس لە وەزارەتی پاراستنی مەدەنی و سیاسەتی دەریایی ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری پلانی هاتنی شاندە فەرمییەکان و سەردانکەرانی ئاسایین و پێشبینی دەکەن نزیکەی 200 هەزار کەس بۆ ساتەکانی کۆتایی ماڵئاواییکردن لە پاپا ئامادە بن.
تەرمی پاپا فرانسیس لە نێوەڕاستی گۆڕەپانی سان پیتەر، لە بەردەم دەرگەی سەرەکیی کەنیسە بەنێوبانگەکەی ڤاتیکان، دانراوە بۆ ئەوەی خەڵک بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لێبکەن پێش ئەوەی بە خاک بسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ