رووداو دیجیتاڵ
رۆن دێسانتیس حاکمی ویلایەتی فلۆریدایە و لە مێژە بە رکابەرێکی چاوەڕوانکراو بۆ دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت.
دێسانتیسی تەمەن 44 ساڵ دواجار نیازی خۆی ئاشکرا کردووە کە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی بەربژێر دەکات؛ سەرسەختانە بەرگری لە سیاسەتە نەریتخوازەکانی کۆمارییەکان دەکات و هێرش دەکاتە سەر دیموکراتە چەپە لیبڕاڵە رکابەرەکانیان.
رۆن دێسانتیس دەڵێت، "ئەم ئەجێندای چەپەکان، ئەم ئایدۆلۆژیای هەستانەوەیە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادییەکانمان."
بۆئەوەی ببێتە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان بۆ رکابەریکردنی بەربژێری دیموکراتەکان، پێویستە سەرەتا سانتیس دۆناڵد ترەمپ لە دەنگدانی نێوخۆی پارتەکەیدا ببەزێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، "هەرگیز ناوی دێسانتیسی دووڕووتان گوێ لێ بووە؟ ئەم رۆن دێسانتیسە بە تووندی دژی سووتەمەنیی ئیسانۆلە."
دێسانتیس لە ماوەی رابردوودا لە چەند بۆنەیەکدا پشتیوانیی لە کورد کردووە. لە ساڵی 2017دا 10 رۆژ دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، دێسانتیس کە ئەوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو، لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەو راپۆرتانەی لە گۆڕەپانەکەوە دێن پێشانی دەدەن یەکینەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی لایەنگری حکومەتی ئێران، لەنێویاندا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران، چەکی قورسیان جێگیر کردووە و چاوەڕێ دەکرێت هێرشێکی گەورە دژی پێشمەرگە بکەن."
حاکمی ویلایەتی فلۆریدا ئاماژەی بەوەش کرد، "کوردەکان هاوپەیمانی بەهێزی ئێمەن، لە کاتێکدا ئەو میلشیایانەی ئێران پشتیوانییان دەکات سەدان سەربازی ئەمریکییان لە عێراق کوشتووە. پێویستە ئەمریکا پشتی کورد بگرێت. تراژیدی دەبێت ئەگەر رێگە بدەین کورد لەلایەن ئەو هێزانەوە تێکبشكێندرێن کە دەستیان بە خوێنی ئەمریکییەکان سوورە."
چەند رۆژێک دوای ئەوە، دێسانتیس داوای سەربەخۆیی کوردستانیشی کرد و گوتی، "پێویستە کۆنگرێس بێتە سەر هێڵ و بە روونی رایبگەیێنێت کە ئێمە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە لە کۆتاییدا بکرێت، پێویست بوو زۆر لە مێژ ئەوە کرابا."
رۆن دێسانتیس پێشتر وەکو دۆستێکی کورد دەرکەوتووە، بەڵام هەندێک جار قسەی شەو و رۆژ وەک یەک نین، قسەی پێش دەسەڵات و دوای دەسەڵاتیش لە یەک ناچن.
دۆناڵد ترەمپیش پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، رەخنەی زۆری لە باراک ئۆبامای سەرۆکی پێش خۆی دەگرت بەوەی وەکو پێویست پشتیوانیی کوردی نەکردووە، بەڵام کە بووە سەرۆک، لە هێرشی سەر کەرکووک و پێشمەرگە بێلایەن مایەوە و لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیش هێزەکانی کشاندنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ