رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن لەلایەن یەکەیەکی تایبەتی ئۆکراینی یاخود دەزگای هەواڵگری ئۆکرایناوە کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئۆکراینییەکان هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیایان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان پشتراستنەکردووەتەوە کە کێ فەرمانی بە هێرشەکە کردووە.
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناویان ئاشکرانەکراوە ئاماژەیان بەوەکردووە، جگە لە هێرشە درۆنییەکە، ئۆکراینییەکان کچی ئەلێکساندەر دۆگین، بیرمەند و فەیلەسووفی رووسی، کە بە "مێشكی پوتین" ناسراوە، کوشتووە. هەروەها دەشڵێن، ئۆکراینییەکان بەرپرسن لە کوشتنی بلۆگەرە رووسییەکە و ئەو هێرشانەشی کە دەکرێنە سەر ئەو شارۆچکانەی نزیکن لە سنووری ئۆکراینا.
بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر بنەمای چاودێریکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا ئەو زانیاریانەیان پشتراستکردووەتەوە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیاندا بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاندووە پێیانوایە وڵاتەکەیان لە پشت هێرشەکە بووە، ئەوە وەک پێگە ئەمریکییەکان باسی دەکەن.
لە دوای هێرشەکەی سەر کرێملن، میدیاکان باسیان لەوەکرد، ئەو هێرشانە لەلایەن رووسیا خۆیەوە کراوە، بۆ ئەوەی ئۆکراینای پێ تۆمەتبار بکەن، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئەوەیان پشتراستکردووەتەوە کە بەرپرسانی رووسیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیاندا باسیان لەوەکردووە کە هێرشەکە لەلایەن رووسیا خۆیەوە نەکراوە.
پێگە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن کە پێیانوانییە، "ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینیا فەرمانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە کردبێت، روون نییە تا چەند زیلینسکی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بووبێت."
رۆژی 3-4-2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن رایگەیاند، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراویان بەسەر کۆشکەکەوە خستوونەتە خوارەوە کە بە گوتەی خۆی، ئامانج لێیان "کوشتنی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بووە."
دوای رووداوەکەش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "هەر شتێک لە کرێملنەوە بێت، دەبێت بەگومانەوە تەماشای بکەین، با چاوەڕێ بکەین و بزانین راستییەکان چین و بێ ئەوەی راستییەکان بزانین، قورسە قسە لەسەر ئەو رووداوە بکەین."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە لەکاتی هێرشەکەدا لە هێلسنکیی پایتەختی فینلاند بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هێرشمان نەکردووەتە سەر پووتین. ئەوە بۆ دادگە جێدەهێڵین و لەنێو خاکی خۆماندا شەڕ دەکەین و بەرگریی لە گوند و شارەکانمان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ