رووسیا پێنج دیپلۆماتی سوێدی لە وڵاتەکەی دەردەکات

25-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، وڵاتەکە پێنج دیپلۆماتی سوێدییان دەرکردووە و کونسوڵخانەی رووسیاش لە شاری گۆتنبێرگ لە سوێد دادەخات. لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیش کارەکانی نوێنەرایەتیی سوێد لە شاری سانپیتەرسبێرگ لە رووسیا رادەگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، مالینا مارد، باڵیۆزی سوێد لە رووسیا بانگهێشتکراوە و لەو هەنگاوەی رووسیا ئاگادارکراوەتەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوای بە ئەنجامدانی "کەمپین لە دژی رووسیا" تۆمەتباردەکات و دەڵێت: "ئەو پێنج دیپلۆماتە سوێدییە بە کەسانی قبووڵنەکراو لە رووسیا دانراون." 
 
لە کاردانەوەی بڕیارەکەی رووسیا، تۆبیاس بیكستۆرم، وەزیری دەرەوەی سوێد راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "بەداخەوە بۆ بڕیارەکە، رووسیا بڕیاریداوە ئەو دیپلۆماتانە دەربکات، کە لە چوارچێوەی ریککەوتننامەی نێودەوڵەتی مامەڵەیان کردووە و چالاکی دیبلۆماسی خۆیان کردووە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، سوێد لە 26ـی نیسانی ئەمساڵدا پێنج دیپلۆماتی رووسی بەتۆمەتی "سیخوڕی" لە وڵاتەکەی دەرکرد و رایگەیاند، "چالاکییەکانی دیپلۆماتکارە رووسەکان لەسەر خاکی ئێمە لەگەڵ پێگەی دیپلۆماتکارییاندا ناگونجێت." 
 
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، پەیوەندیی رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بەرەو خراپی چوون و سوێد و فینلاندی دراوسێی رێچکەی چەند دەیەی بێلایەنبوونیان شکاند و بەفەرمی داواکاریان پێشکەش بە هاوپەیمانی ناتۆ کرد بۆ بوون بە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە. 
 
رۆژی 4ـی ئاداری 2023 لەدوای چاوەڕوانییەکی زۆر و لەدوای رەزامەندیی تورکیا و هەنگاریا، فینلاند بەشێوەیەکی فەرمی وەکو ئەندامی ناتۆ پەسندکرا و بووە 31ـەمین ئەندامی رێکخراوەکە، بەڵام هێشتا ئاسۆی وەرگرتنی سوێد لە هاوپەیمانێتییەکەدا دیارنییە، بەو پێیەی تورکیا وڵاتەکە "پاڵپشتیکاری تیرۆر" تۆمەتباردەکات و رێگرە لە ئەندامبوونی لە هاوپەیمانێتییەکەدا. ئەوەش لەکاتێکدایە، هەر وڵاتێک بییەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوی هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی، دەبێت لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامەوە رەزامەندیی پێبدرێت. 
 
وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، هیواخوازن پێش لووتکەی داهاتووی ناتۆ، کە بڕیارە لە 11ـی تەممووزی داهاتوو لە ڤیلیۆسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەبچێت، داواکارییەکەی وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکە پەسند بکرێت و ببێتە نوێترین ئەندامی ناتۆ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.