ئەرمینیا چوار گوندی سنووری رادەستی ئازەربایجان کردەوە

25-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەرمینیا بڕیاری دا چوار گوند رادەستی ئازەربایجان بکاتەوە، کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون. سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا هەنگاوەکەی بە "رێککەوتنێکی زۆر گرنگ" ناوبرد و راشیگەیاند، "سەقامگیریمان دەباتە ئاستێکی نوێ."
 
رۆژی هەینی 24-05-2024 ئەرمینیا چوار گوندی سەر سنووری خۆی رادەستی ئازەربایجانی دراوسێی کردەوە. دوو وڵاتەکە ئەو هەنگاوە وەکو دەرفەتێک دەبینن "بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان،" بەتایبەت دوای 35 ساڵی شەڕ و کێشە لەسەر پرسی هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخ.
 
شاهین موستەفایەڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان رایگەیاند، "پاسەوانی سنوورمان کۆنترۆڵی چوار گوندی ئەرمینیایان وەرگرتەوە."
 
بڕیارەکەی حکومەتی یەریڤان ناڕەزایی ئەرمینییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین خۆپیشاندانی لێکەوتەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانیان کرد.
 
نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ رازیبوو بە رادەستکردنەوەی ئەو چوار گوندە، کە پێشتر سەر بە ئازەربایجان بوون و نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەرمینیاوە داگیرکرابوون.
 
سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رادەستکردنەوەی ئەو چوار گوندەی بە "رێککەوتنێکی زۆر گرنگ بۆ سەروەریی ئەرمینیا" وەسف کرد و گوتی، "ئەم هەنگاوە ئاسایش و سەقامگیریمان دەباتە ئاستێکی نوێ."
 
دانیشتووانی چوار گوندەکە نیگەرانن و دەڵێن ئەو بڕیارە ئەوان لە هەموو وڵاتەکە دادەبڕێت؛ پاشنیان بە تاکلایەنی بڕیارەکەی داوە و هیچیشی لە بەرامبەر وەرنەگرتووە.
 
هەرچی لەبارەی سنووری نوێیە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئارمینیا رایگەیاند، "5.8 کیلۆمەتر لە سنووری ئەرمینیا، کە گوندی کیرانتس لەخۆ دەگرێت، لەژێر چاودێریی خۆمان دەبێت و بەمزووانە رێگەی نوێی بۆ دروستدەکەین."
 
گوندی کیرانتس دەکەوێتە دووریی چەند مەترێک لە سنوورە نوێیەکەی ئازەربایجان، بۆیە بەشێک لە خەڵکی گوندەکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
 
هەردوو وڵاتە قەوقازییەکە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت، کێشەی سەرەکییان لەسەر خاکی ناگۆرنۆ-قەرەباخ هەبوو. لە ئەیلوولی 2023 ئازەربایجان هێرشێکی گەورەی کردە سەر ناوچەکە و لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2024 بە فەرمی قەرەباخی خستە سەر نەخشەی خۆی. نزیکەی 100 هەزار کەس بەهۆی جەنگەکەوە ناوچەکەیان بەرەو ئەرمینیا جێهێشت. ئەرمینیا دۆڕانەکەی خستە ئەستۆی رووسیای هاوپەیمان و رایگەیاند: رووسیا نەیتوانی بەرگریمان لێبکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.