راپرسییەک: 40٪ـی گەنجانی بەریتانیا هەژماری ساختەیان لە سۆشیال میدیا هەیە

25-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی بەرچاو لە گەنجانی بەریتانیا پێیان خۆشە لە ژینگەیەکدا گەورە بن ئینتەرنێتی تێدا نەبێ. 
 
راپرسییەکی بەریتانی دەریدەخات، 47%ـی گەنجانی بەریتانیا پێیان باشترە لە ژینگەیەکی بێ ئینتەرنێتیدا بژین؛ 50%یشیان دەڵێن قەدەخەکردنی سۆشیال میدیا ژیانیان باشتر دەکات. 
 
راپرسییەکە باس لە کاریگەری پەتای کۆرۆنا لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەکات و دەڵێت، 74٪یان پێیان وایە پەتای کۆرۆنا وایکرد کاتێکی زیاتر بۆ مانەوە لەسەر ئینتەرنێت بەسەر ببەن کە ئیدی وای لێهاتووە خووی پێوە بگرن؛ دوو لەسەر سێی گەنجانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، رۆژانە زیاتر لە دوو کاژێر لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیادا بەسەر دەبەن.
 
راپرسیەکە باس لەوە دەکات، 68%ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە باسیان لەوە کردووە، دوای بەسەربردنی چەندین کاژێر لە بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیا، هەستێکی نەرێنی و خراپیان دەبێ. 
 
بەگوێرەی راپرسییەکە دایک و باوکان لەلایەن منداڵەکانیان بە هەڵە دەبرێن لەبارەی چالاکییەکانیان لەسەر ئینتەرنێت، بە جۆرێک 42٪یان گوتوویانە درۆیان لەگەڵ دایک و باوک یان سەرپەرشتیارەکانیان کردووە سەبارەت بەوەی کە لە ئۆنلایندا چی دەکەن.
 
بە گوێرەی هەمان راپرسی، 27%ـی ئەو گەنجانەی بۆچوونیان وەرگیراوە باسیان لەوە کردووە ناسنامەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە کاتێک ئینتەرنێتیان بەکارهێناوە و خۆیان وەک کەسێکی دیکە پیشان داوە؛ 40%یشیان دانیان بەوەدا ناوە کە هەژمارێکی ساختەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.
 
دەیزی گرینوێڵ، توێژەرە و لەبارەی ئەنجامی ئەو راپرسییە دەڵێت: "کاتێک نزیکەی نیوەی گەنجان پێیان باشترە بێ ئینتەرنێت بژین، ئەوە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ هەموومان، چونکە گەنجان داوای سنووردارکردنی ئەو جۆرە ژینگەیە دەکەن کە بۆمان خوڵقاندوون."
 
لە راپرسییەکەدا بۆچوونی هەزار و 293 کەس کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 21 ساڵیدایە وەرگیراوە و دەرکەوتووە، 26٪یان چوار کاژێر یان زیاتر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەن، لەکاتێکدا پێنج یەکی دیکەشیان، سێ کاژێر یان زیاتر بە یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە سەرقاڵ دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە