رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا دەڵێت، سەرۆکی ڤاگنەر دەچێتە بێلاڕووس و رووبەڕووی هیچ تۆمەتێک نابێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە جموجووڵی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ وەستاند، بەم شێوەیەش یەکێک لەو کێشە هەرە گەورانەی لە چەند دەیەی رابردوودا رووبەڕووی مۆسکۆ بووەتەوە، چارەسەرکرا.
ئەو ناکۆکییەی لە نێوان یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر و بەرپرسانی سەربازیی رووسیادا هەبوو، دوێنێ تەقییەوە، بە جۆرێک کە هێزەکانی ڤاگنەر رۆژی شەممە بارەگایەکی گرنگی سوپایان لە باشووری رووسیا کۆنترۆڵکرد و بەرەو باکوور بە ئاراستەی مۆسکۆ کەوتنەڕێ.
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی کە پریگۆژین هەڕەشەی گرتنی وەزارەتی بەرگریی کرد، کرێملین رایگەیاند کە ئەو رووسیا جێدێڵێت و دەچێتە بێلارووس، لە بەرامبەریشدا، مۆسکۆ هیچ لێپێچینەوەیەک لەگەڵ خۆی و ئەندامانی ڤاگنەردا ناکات.
بۆ رووسیا رۆژێکی پڕ لە رووداو، ناڕوونی و دڵەڕاوکێ بوو؛ ڤلادیمیر پووتین هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی نێوخۆی دا؛ بەرپرسانی مۆسکۆ بە خەڵکی شارەکەیان گوت شەقامەکان چۆڵ بکەن و کیێڤیش بە تەنگژەی دوژمنەکەی ئاسوودە بوو.
بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ پریگۆژین رایگەیاند، "هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە سەربازگەکان" بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی رێگری لە دروستبوونی خوێنڕێژی لە مۆسکۆ بکات.
پریگۆژین کە لە ماوەی رابردوودا، تەنانەت لە کاتی سەرکردایەتیکردنی شەڕە هەرە سەختەکانی دژی ئۆکراینا، ناکۆکیی تووندی لەگەڵ سەرکردایەتیی سەربازیی رووسیادا هەبووە، گوتی لە هەستیاریی دۆخەکە تێدەگات و نایەوێت "خوێنی رووسیا" بڕژێت.
چەپڵە بۆ ڤاگنەر لێدەدرێت
بە گوێرەی حاکمی هەرێمی رۆستۆڤ، کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە داهات، چەکدارانی ڤاگنەر بە چەکە قورسەکانیانەوە لە شاری رۆستۆڤ کشانەوە، کە پێشتر بارەگای سوپای رووسیایان لەو شارە کۆنترۆڵکردبوو.
پێش ئەوەی بڕۆن، دەیان کەس لە دانیشتووی شارەکە لە بەردەم بارەگە سەربازییەکە چەپڵەیان بۆ لێدان و هاواریان دەکرد "ڤاگنەر! ڤاگنەر"
هەروەها دامودەزگاکانی هەرێمی لیپێتسک هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێوشوێنە ئەمنییەکانی راگەیاند کە بەهۆی گەیشتنی چەکدارانی ڤاگنەر بە هەرێمەکە جێبەجێکرابوون؛ ئەو هەرێمەی کە پایتەختەکەی 40 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوورە.
ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس گوتی، بۆ وەستاندنی شەڕ دانوستاندنی لەگەڵ پریگۆژیندا کردووە، کە دواتر مۆسکۆ سوپاسی کرد.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین دواتر بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دۆسیە تاوانکارەکانی دژی پریگۆژین هەڵدەوەشێنرێنەوە و دەچێتە بێلارووس."
پێسکۆڤ گوتی، ئەندامانی ڤاگنەر کە بەشدارییان لە "هەڵگەڕانەوەی سەربازییدا" کردبوو، لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت.
پێشکۆڤ گوتیشی، "رێگریکردن لە خوێنڕشتن، رووبەڕووبوونەوەی نێوخۆیی و پێکدادان کە کەس نازانێت ئەنجامەکەی چی دەبوو، ئامانجی سەرەکیمان بوو."
لە ئۆکراینا، بەرپرسانی حکومەت کاردانەوەیان هەبوو
میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە تویتێکدا نووسی، "پریگۆژین، پووتین و حکومەتەکەی ریسوا کرد."
لە کاتێکدا کە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، یاخیبوونەکە هیچ کاریگەرییەكی لەسەر هێرشی سەر ئۆکراینا نابێت، کیێڤ گوتی نائارامییەکە بووەتە "پەنجەرەی دەرفەت" بۆ هێزە ئۆکراینییەکان کە سەرقاڵی هێرشێکی پێچەوانەی لەمێژە چاوەڕوانکراون.
کاریگەریی رووداوەکە لەسەر نێوانی ڤاگنەر و بەرپرسانی رووسیا
شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەم رووداوانە ئەنجامی باشیان بۆ پریگۆژین و ڤاگنەر نابێت.
ساموێل بێندیت، لێکۆڵێنڤان لە ناوەندی Center for Naval Analyses لە تویتێکدا دەڵێت، "پێویستە ئەنجامی هەبێت، ئەگەر نا پەیامەکە بەو شێوەیە دەبێت کەوا هێزێکی سەربازی دەتوانێت بە ئاشکرا بەرهەڵستی دەوڵەت بێتەوە، ئەوانی دیکەش پێویستە بزانن کە بەکارهێنانی هێز لە نێو وڵاتدا تەنیا لە دەستی حکومەتی رووسیادایە."
رۆب لی، لێکۆلینڤان لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتی دەرەوە (Foreign Policy Research Institute) دەڵێت، پێکەوەکارکردنی نێوان ڤاگنەر و سوپای رووسیا وەکو خۆی نامێنێتەوە و زیانی بەردەکەوێت.
لی لە تویتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "پووتین و دامودەزگا ئەمنییەکان رەنگە هەوڵبدەن ڤاگنەر لاواز بکەن یانیش پریگۆژین لاببەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامادەییەی کە ڤاگنەر لە دەرەوەی وڵات هەیەتی، رەنگە گەورەترین کاریگەرییەکانی ئەم رووداوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا هەستیان پێ بکرێت."

"ئاماژە سەرەتاییەکانی راپەڕین"
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا چەند رۆژێک لەمەوبەر هەستیان بەو هێمایانە کردبوو کە پریگۆژین بەنیازە هەنگاو دژی مۆسکۆ بنێت.
رۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستیان بە بەدواداچوونی ئەو ئاماژانە کرد کە پیشانیانداوە پریگۆژین و هێزەکەی بەنیازن دژی سەرکردایەتی سەربازیی رووسیا بجووڵێنەوە؛ باسی لەوەش کردووە کە دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا پێیان وابووە، لانیکەم رۆژێک پێش ئەوەی رووبدات، پووتین ئاگادارکراوەتەوە کە سەرۆکی ڤاگنەر نیازی یاخیبوونی هەیە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا قسەی کرد، لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتانە نیگەرانیی ئەوەیان هەبوو کە ئەگەر پووتین کۆنترۆڵی وڵات لەدەستبدات، ئەوا کڵاوە ئەتۆمییە زۆرەکانی رووسیا چارەنووسیان نادیار دەبێت.
مۆسکۆ هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد بۆ ئەوەی دەستوەردان نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا گوتی، "یاخیبوونەکە خزمەت بە دوژمنە دەرەکییەکانی رووسیا دەکات."
پێش پەشیمانبوونەوەی پریگۆژین، هێزە ئەمنییەکانی رووسیا دەستیان بە "ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" کرد بۆ بۆ راگرتنی پێشڕەویی ڤاگنەر بەرەو باکوور بۆ مۆسکۆ.
لە پایتەخت، سەرۆکی شارەوانی داوای لە خەڵکی شاری مۆسکۆ کرد لە ماڵەوە بمێننەوە و رۆژی دووشەممەی وەک پشوو راگەیاند.
ئاسایش لە ناوەندی شارەکە تووندتر کرا؛ سەربازان پاسەوانی باڵەخانەی پەرلەمانیان دەکرد و گۆڕەپانی سووریش بەڕووی خەڵکدا داخرا. یلێنای تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی مۆسکۆ گوتی، "نازانم چۆن کاردانەوەم هەبێت، لە هەر بارێکدا زۆر جێگەی داخە کە ئەمە روودەدات".
بەپێی هەواڵێکی میدیای فەرمیی رووسیا، سەرجەم ئەو کۆتوبەندانەی لە کاتی کێشەکەدا لە هەرێمەکانی رۆستۆڤ، لیپێتسک و ناوچەکانی دیکە بەسەر هاتوچۆدا سەپێندرابوون، هەڵگیراون.
ئەو رێوشوێنانە دوای ئەوە هاتن کە پریگۆژین رایگەیاند چەکدارەکانی کۆنترۆڵی ناوەندی فەرماندەیی سەربازی و بنکەی ئاسمانییان لە شاری رۆستۆڤ کردووە کە بە شادەماری هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دادەنرێت.

"گورزێک بۆ رووسیا"
لە وەڵامی ئەو بەرهەڵستکارییە، لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا، پووتین پریگۆژینی بە "خەنجەرلێدان لە پشتەوە" تۆمەتبار کرد و گوتی ئەو کارە، مەترسی لەسەر مانەوەی رووسیا دروست دەکات.
پووتین گوتی، "هەر گێژاوێکی ناوخۆ هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر دەوڵەتی ئێمە و بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەک؛ ئەمە گورزێکە بۆ رووسیا و گەلەکەمان."
پوتین هەروەها گوتی، "چاوچنۆکی و بەرژەوەندیخوازیی تاکەکەسی بووە هۆی ناپاکی"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پریگۆژین کە لە عەرەبانەیەکی فرۆشتنی هۆتدۆگەوە دەستیپێکرد تا بووە گەورە بازرگانی بواری رێستورانتەکان و دواتر خاوەنی ڤاگنەر.
لە کاتێکدا کە هێزە یاخییەکە لە رێگەی ڤۆرۆنیژ و لیپێتسکەوە بەرەو باکوور بۆ مۆسکۆ دەڕۆیشت، سەرۆکشارەوانیی پایتەختی رووسیا رایگەیاند کە رێوشوێنی "دژە تیرۆر" دەگیرێتەبەر.
دامەزراوە گرنگەکان "لەژێر پاراستنی بەهێزکراودا بوون"؛ لە کاتێکدا کە هێزەکەی پریگۆژین لە پێشەنگی هێرشەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا شەڕیان دەکرد، چەندین جار سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری و ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری رووسیای بە هۆکاری کوژرانی چەکدارەکانی دادەنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ