نێردەی ئەمریکا: هیوادارین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن

25-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران "ئومێدبەخشن" و واشنتن هیوادارە بگاتە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران.
 
رۆژی سێشەممە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە هەر لە ئێستاوە دەستمان بە قسەکردن لەگەڵ یەکدی کردووە، نەک تەنیا بە شێوەی راستەوخۆ، بەڵکو لە رێگەی نێوەندگیرەکانیشەوە. پێموایە گفتوگۆکان ئومێدبەخشن. هیوادارین بتوانین بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن، کە ئێران زیندوو بکاتەوە."
 
لە درێژەی قسەکانیدا، نێردەی ئەمریکا ئاماژەشی بەوە کرد، "ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ ئێرانییەکان دابنیشین و بگەینە رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر، من زۆر دڵنیام ئەمە بەدیدەهێنین."
 
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا، رایگەیاند، ئەمریکا لە رێگەی هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان "بە تەواوەتی لەنێوبردووە،" بەڵام بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە، پێش هێرشەکە زۆربەی یۆرانیۆمەکەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
 
ئەمەش لە کاتێكدایە، شەوی سێشەممە دۆرەتی شییا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، هێرشەکانی 22ی حوزەیرانی ئەمریکا بۆسەر هەرسێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی "لاواز کردووە"، کە ئەمەش کەمترە لەو قسانەی ترەمپ بە میدیاکانی راگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان "بە تەواوی لەنێوبردووە."
 
هەرچی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانە، رۆژی سێشەممە لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست، لە پەیامێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە جەنگەکە هێناوە و بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوی بردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە