رووداو دیجیتاڵ
خێرت ڤیڵدەرز، سەرکردەی راستڕۆی تووندڕۆی هۆڵەندی، ئاشکرایکرد کە لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆدا کۆبوونەوەیەکی "نایاب"ـی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
ڤیڵدەرز لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز سەرۆک بۆ ئەو کۆبوونەوە نایابەی کە تازە کردمان و گفتوگۆکەمان لەبارەی پێویستیی دەرکردنی یاسای تووندتری کۆچ کرد."
پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکە لە وڵاتی میوانداردا ببێتە جێی سەرنج و پرسیار، چونکە ڤیڵدەرز سەرۆکی گەورەترین پارتی پەرلەمانی هۆڵەندایە، بەڵام هیچ پۆستێکی فەرمیی لە حکومەتدا نییە.
ڤیڵدەرز لە سەرەتای ئەم مانگەدا سیاسەتی هۆڵەندای هەژاند، کاتێک پارتی ئازادی (PVV)ی راستڕۆی تووندڕۆی لە هاوپەیمانێتییەکە کشاندەوە و بووە هۆی رووخانی حکومەت.
کشانەوەکەی تەنیا سێ هەفتە پێش لووتکەی ناتۆ بوو و بووە هۆی ئەوەی رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکرێت.
ڤیڵدەرز سەرسامیی خۆی بە سەرۆکی ئەمەریکا نەشاردووەتەوە، کە ئەویش لە بەرامبەردا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سیاسییە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەورووپا دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ