مارک رووتە، ترەمپ بە "باوک" دەچووێنێت

25-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە بەهێزترین پیاوی جیهانە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نازناوێکی نوێی لە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ وەرگرت، ئەویش"باوکە" (Daddy)ـیە.
 
رۆژی چوارشەممە 25-06-2025 پێش دەستپێکردنی لووتکەی ناتۆ هەردوو سەرکردەکە قسەی خۆشیان دەکرد، کاتێک ترەمپ جارێکی دیکە ئێران و ئیسرائیلی بە دوو منداڵی شەڕانی چوواند.
 
ترەمپ گوتی: "وەک دوو منداڵ لە گۆڕەپانی قوتابخانەیەکدا شەڕێکی گەورەیان کردووە." گوتیشی: "دەزانی، زۆر پیس شەڕ دەکەن. ناتوانیت بیانوەستێنیت. با بۆ ماوەی دوو سێ خولەک شەڕ بکەن، ئەوکات وەستاندنیان ئاسانتر دەبێت."
 
رووتە بە گاڵتەوە وەڵامی دایەوە: "ئەوکاتیش هەندێکجار پێویستە باوک زمانێکی زبر بەکاربهێنێت."
 
 
ئاماژەکەی رووتە بۆ ئەو جوێنەی ترەمپ بوو کە پێش بەڕێکەوتنی بۆ لووتکەی ناتۆ بەکاریهێنا، ئەمەش دوای ئەوەی بە روونی لە ئەگەری شکستهێنانی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل تووڕە بوو.
 
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دوو وڵاتەکە ماوەیەکی زۆرە بە سەختی شەڕ دەکەن، ناشزانن خەریکی چ نەفرەتی و بەزمێکن، ئەرێ لێم تێدەگەن؟"
 
ترەمپ بە قسەکەی رووتە پێکەنی و دانی پێدانا: "هەمووان دەیانگوت دەبێت وشەیەکی دیاریکراو بەکاربهێنیت."
 
ترەمپ کە بە تووڕەبوونە لەناکاوەکانی ناسراوە، بە دەگمەن لەبەرچاوی گشتیدا جنێو بەکاردەهێنێت و بەکارهێنانی وشەی (fuck) زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد.
 
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لێکرد کە ئایا ستایشکردنەکەی و نازناوەکەی بۆ ترەمپ وەک سووکایەتییەک نییە کە لە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانێتییەکەوە بێت، رووتە لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر، پێموانییە".
 
روورتە گوتی: "پێموایە ئەمە [بەکارهێنانی ئەو وشەیە] پرسی زەوقە" و ترەمپی بە "هاوڕێیەکی باش" ناوبرد کە "شایەنی هەموو ستایشێکە" جا چ بۆ گرتنەبەری "کردەوەی یەکلاکەرەوە" دژی ئێران بێت، یان ناچارکردنی هاوپەیمانانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجییەکانیان لە بواری بەرگریدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە