سەرۆکی مۆساد سوپاسی CIA دەکات بۆ هاوکاریی لە جەنگی ئێراندا

25-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) سوپاسی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ـی کرد بۆ یارمەتییەکانی لە ئۆپەراسیۆنە "هاوبەشەکان"دا لە ماوەی جەنگە 12 رۆژییەکەی دوایی لەگەڵ ئێران.
 
رۆژی چوارشەممە 25-6-2025 لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە دووەم رۆژی ئاگربەست بڵاوکرایەوە، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد سوپاسی بریکارەکانی کرد بۆ کارەکانیان کە وایانکردووە ئیسرائیل "سەلامەتتر، بەهێزتر و ئامادەتر بێت بۆ داهاتوو".
 
سەرۆکی دەزگە سیخوڕییەکە، کە بە دەگمەن لێدوان دەدات، گوتیشی: "دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاوبەشی سەرەکیمان CIA بکەم بۆ کردەوە و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە بە سەرکەوتوویی کران، هەروەها بۆ بەڕێوەبەرەکەی، کە پشتیوانیی لە مۆساد کرد بۆ گرتنەبەری بڕیاری دروست."
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە 13ی حوزەیران دەستیانپێکرد، نەک تەنیا دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو کەسایەتییە باڵا سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکانیشیان کردە ئامانج.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، هێرشەکان ئەوەیان دەرخستووە کە چۆن دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەرکەوتوو بوون لە چوونە نێو دەوڵەتی ئێرانەوە، هەرچەندە قەبارەی ئەو یارمەتییەی کە گوایە لەلایەن CIAـەوە پێشکەشکراوە، نەزانراوە.
 
سوپای ئەمریکا لە خستنەخوارەوەی ئەو مووشەکە ئێرانییانەی کە ئاراستەی ئیسرائیل کران یارمەتیدەر بوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە کۆتاییدا بە مووشەکی حەشارگەشکێن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەشداریی لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیلدا کرد.
 
بارنیا لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی: "بەردەوام دەبین لەوەی چاومان کراوە بێت لەسەر هەموو کارەکانی ئێران، ئەو پڕۆژانەی کە بە قووڵی دەیانناسین و ئێمە لەوێ دەبین، وەک چۆن هەمیشە لەوێ بووین".
 
دوای ئەوەی ئاگربەستەکە رۆژی سێشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی دا کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێکدەشکێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە