ترەمپ: پێشکەوتنی گەورە لەبارەی غەززەوە بەدی دەکرێت

25-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەدی دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای زیاتر لە 20 مانگ لە دەستپێکردنی جەنگەکە هەوڵێکی نوێ بۆ ئاگربەست دەستیپێکردووە.
 
ترەمپ پێش لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "پێموایە پێشکەوتنێکی گەورە لەبارەی غەززەوە بەدی دەکرێت". گوتیشی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی، پێی راگەیاندووە: "غەززە زۆر نزیکە [لە رێککەوتن]".
 
ئەو گەشبینییەی خۆی بۆ "هەواڵی زۆر خۆش"ی چاوەڕوانکراو، بە ئاگربەستەکەی رۆژی سێشەممە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە 12 رۆژییەکەیان، بەستەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش، ئاماژەی بەوە کردبوو  هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
 
نەتەنیاهوو رووبەڕووی گوشاری سیاسەتڤانانی ئۆپۆزیسیۆن، خانەوادەی بارمتەکان و تەنانەت ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەی دەبێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە بەهۆی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی گرووپی چەکداریی حەماسەوە دەستیپێکرد.
 
قەتەر کە یەکێکە لە نیوەندگیرەکان، رایگەیاند، هەوڵێکی نوێ بۆ ئاگربەست دەستپێدەکات و حەماسیش رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، گفتوگۆکان چڕکراونەتەوە. تاهر نونوع، بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برا نێوەندگیرەکانمان لە میسر و قەتەر نەوەستاوە و لە کاژێرەکانی دواییدا چڕکراونەتەوە". لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشداریدا کە گرووپەکە "هێشتا هیچ پێشنیازێکی نوێی" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێنەگەیشتووە.
 
"هیچ ئامانجێکی روون نییە"
 
رۆژی سێشەممە 7 سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری غەززە کوژران. ئەمەش بووە هۆی رەخنەیەکی دەگمەن لەلایەن سەرۆکی پارتی "یەکگرتووی تەوراتی یەهودی" کە هاوبەشە لە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو. مۆشێ گافنی، ئەندام پەرلەمان، رۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێکدا گوتی: "هێشتا تێناگەم بۆچی لەوێ شەڕ دەکەین. سەربازەکان بەردەوام دەکوژرێن".
 
کۆڕبەندی خانەوادەی بارمتەکان و کەسە بێسەروشوێنەکان، کە نوێنەرایەتیی خانەوادەی بارمتەکان دەکات، پشتگیریی لە رەخنەکەی گافنی کرد و لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "شەڕ لە غەززە ئەرکی خۆی تەواو کردووە، بەبێ هیچ ئامانجێکی روون و پلانێکی کۆنکرێتی بەڕێوەدەچێت".
 
هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس، کە زۆربەیان سڤیل بوون. لە بەرامبەردا، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 56,156 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
تەقەکردن لە نزیک شوێنی هاوکارییەکان
 
ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی تەقەی ئیسرائیلەوە 35 کەسی دیکە کوژراون، لەنێویاندا شەش کەس کە چاوەڕێی هاوکاری بوون. 
 
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، کۆمەڵێک لەوانەی چاوەڕێی وەرگرتنی هاوکاری بوون، بە گوللەی کلاشینکۆف و تانک لە نێوەڕاستی غەززە کراونەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ئاگاداری هیچ رووداوێکی لەو شێوەیە نییە".
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە سەرکۆنەی "بەکارهێنانی خۆراک وەک چەک"ی لە غەززە کرد. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی 550 کەس لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکاری کوژراون.
 
لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر شاری دێربەلەح لە نێوەڕاستی غەززە، پێنج کەس کوژران. یەکێک لە خزمەکانی قوربانییەکان گوتی: "باوک، دایک و براکانیان کوشت، تەنیا دوو کچ ماونەتەوە. یەکێکیان تەمەنی ساڵێک و دوو مانگە و ئەوی دیکەیان 5 ساڵە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە