سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات

25-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای دەستپێکردنەوەی پشکنینە ئەتۆمییەکانی لە ئێران کرد، ئەمەش دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەدوای 12 رۆژ لە جەنگی مووشەکی و درۆنی.
 
رۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە بەیاننامەیەکدا داوای دەستپێکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران دەکات بۆ چارەسەرکرنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و رایدەگەیێنێت، "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کلیلی سەرکەوتنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ چارەسەرێکی درێژخایەنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران."
 
گرۆسی دەشڵێت، "نامەم بۆ وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیوە و جەختم لەسەر گرنگیی کارکردنی پێکەوەییمان کردووەتەوە و پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەشم لێ کردووە."
 
بەگوێرەی بەیاننامەکە، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە درێژایی جەنگە 12 رۆژییەکە لەنێو ئێران ماونەتەوە و ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیانەکان کە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتووە.
 
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، پشکنەران دواجار چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران، دەستیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشتووە.
 
لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، گرۆسی گوتیشی، "وەکو چەندین جار دووپاتم کردووەتەوە و پێش جەنگ و لەکاتی جەنگەکەشدا، هەرگیز نابێت هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەهۆی مەترسیی ئەگەری دروستبوونی رووداوی تیشکیی مەترسیدار."
 
ئەم داوایەی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی ئێران پرۆژەیاسای راگرتنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو ئاژانسە بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد.
 
قەبارەی ئەو زیانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، هێشتا روون نییە. سەرەڕای هێرشەکان، بەڵام رۆژی دووشەممە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیکردەوە، ئێران بەنیازە بەردەوام بێت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
 
داواکارییەکەی گرۆسی لە کاتێکدایە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێران داوایان کرد، رێگە بە گرۆسی نەدرێت جارێکی دیکە بێتە نێو ئێرانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە