ترەمپ هێرشەکەی سەر ئێرانی بە هێرۆشیما چواند

25-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "هاوشێوەی هێرۆشیما" چواند و رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ "چەندین دەیە" پەکخستووە. هاوکات ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کاریگەریی هێرشەکان سنووردار بووە.
 
رۆژی چوارشەممە 25-06-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لاهای - هۆڵەندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، بووە هۆی "تەواو وێرانبوونیان" و بە خێرایی کۆتایی بە جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش هێنا.
 
سەرۆکی ئەمریکا زیانەکانی هێرشەکەی بە بۆمبە ئەتۆمییەکانی سەر هێرۆشیما و ناگاساکی لە ساڵی 1945 چواند و گوتی، "نامەوێت نموونەی هێرۆشیما و ناگاساکی بەکاربهێنم، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان شت بوو. ئەوە کۆتایی بە جەنگێک هێنا."
 
ترەمپ جەختی کردەوە، "ئەمە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل - ئێران هێنا. ئەگەر ئێمە ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەمان وێران نەکردایە، ئەوا ئەوان ئێستاش لە شەڕدا دەبوون."
 
سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە رۆژی سێشەممە لە میدیاکانی ئەمریکاوە دزەیان پێکرا و باسیان لەوە دەکرد کە هێرشەکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تەنیا بۆ چەند مانگێک دواخستووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان [سەرچاوە هەواڵگرییەکان] بەڕاستی نازانن وردەکاریی زیانەکە چەندە." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناتوانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.
 
هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردەوە، دامەزراوەی فۆردۆ "بە تەواوەتی وێران کراوە."
 
ترەمپ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل دوای هێرشەکان سیخوڕی ناردووەتە نێو بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ و دەڵێت، "ئەوان کەسانیان هەیە کە دوای لێدانەکە چوونەتە ئەوێ و گوتوویانە بە تەواوەتی وێران بووە. ئیسرائیل ئێستا راپۆرتێک لەسەر ئەوە ئامادە دەکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئیسرائیلیشی کرد بۆ دانبەخۆداگرتنیان و گوتی: "زۆر شانازی بە ئیسرائیلەوە دەکەم،" و "نەتەنیاهوو دەبێت زۆر شانازیی بە خۆیەوە بکات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا دووبارە هێرش دەکاتەوە ئەگەر تاران ژێرخانی ئەتۆمیی خۆی دروستبکاتەوە، ترەمپ بەبێ دوودڵی گوتی: "بێگومان." لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، "پێموایە لە کۆتاییدا جۆرێک لە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا دەبێت."
 
لە کۆتاییدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە لە تەنیشت ترەمپەوە وەستابوو، لەبارەی وردیی هێرشەکەوە گوتی، "بۆمبەکان بە وردی لەو شوێنەیان دا کە بۆیان دیاریکرابوون. ئەرکێکی بێکەموکوڕی بوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت