وەزارەتی ناوخۆی تایلەند: بەهۆی جەنگ لەگەڵ کەمبۆدیا 100 هەزار کەس ئاوارەبوون

25-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی تایلەند بڵاویکردەوە، بەهۆی جەنگ لەگەڵ کەمبۆدیا زیاتر لە 100 هەزار کەسیان ئاوارە بوون. بەرپرسانی تەندروستیی بانگکۆک دەڵێن، بەهۆی ئەو جەنگەوە 15 کەس کوژراون، کە یەکێکیان سەرباز بووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای راگرتنی جەنگەکە دەکات. 
 
دوێنێ کەمبۆدیا بۆردوومانی ناوچەیەکی سنووری تایلەندی کرد و ئەویش وەڵامیدایەوە. بڕیارە ئەمڕۆش ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر گرژییەکانی نێوان هەردوولا رێکبخات. 
 
جەنگی نێوان هەردوولا دوای ئەوە دروستبوو کە مانگی ئایار سەربازێکی کەمبۆدیا لەسەر سنووری تایلەند کوژرا. 
 
تائێستا بەرپرسانی کەمبۆدیا هیچ ئامارێکیان لەبارەی جەنگەکە رانەگەیاندووە. 
 
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رایگەیاند، گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەردوولا کردووە و داوای ئاگربەست و دیالۆگی لێکردن. لە پۆستێکی فەیسبووکدا بڵاویکردەوە، "پێشوازی لەو ئاماژە و ویستە ئەرێنیانەی تایلەند و کەمبۆدیا دەکەم" بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. 
 
هەرچەندە ئەو هەوڵە دراوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تایلەند بڵاویکردەوە، سوپای کەمبۆدیا بە چەکی قورس سنوورەکانیانی بۆردوومان کرد و ئەوانیش وەڵامێکی "گونجاوی" هێرشەکەیان دایەوە. 
 
کەمبۆدیا و تایلەند نزیکەی 800 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. ساڵانی 2008 و 2011ش شەڕ لەنێوان هەردوولادا دروست بوو و بەهۆیەوە لانیکەم 28 کەس کوژران و دەیان هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون. 
 
ئەمریکا داوای راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکانی هەردوولای کردووە. چین و یەکێتیی ئەورووپاش نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.
 
شەڕی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند مێژووییەکی دێرینی هەیە و ناکۆکییەکەش لەسەر ناوچەی خمیر هیندووە کە هەردوولا بە موڵکی خۆیانی دەزانن و ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی کەمبۆدیا دایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە