رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە تووندی پلانی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین رەتدەکەنەوە و هەنگاوێکی لەو جۆرە لە بەرژەوەندی حەماسە. باڵیۆزی ئەمریکاش لە ئیسرائیل دەڵێت، نازانێت فەرەنسا دەیەوێت لە کوێ دەوڵەتەکە دروست بکات.
رۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس سەبارەت بە پلانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین بڵاویکردەوە، "ئەمریکا بە تووندی پلانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەکاتەوە".
ئەو بەرپرسە ئەمریکیە دەشڵێت، بڕیارەکە "تەنیا خزمەت بە پڕوپاگەندەی حەماس دەکات و رێگریش لە ئاشتی دەکات. هەروەها، ئەمە زلەیەکە لە دەموچاوی قوربانییانی (هێرشەکەی) 7ی تشرینی یەکەم".
دوێنێ، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت وەکو پابەندییەکی مێژووییمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا". گوتیشی، "مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکە رادەگەیێنم".
لەبارەی ئەم راگەیێندراوەی ماکرۆنەوە مایک هوکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری تاکلایەنەی ماکرۆن بۆ دانانن بە دەوڵەتی فەلەستین روونی نەکردووەتەوە ئەو دەوڵەتە لە کوێ دەبێت". دەشڵێت، لەوانەیە فەرەنسا بیەوێت ئەو کارە لە فرێنچ ریڤێرا بکات و ناوی بنێت فرانستاین.
فرێنچ ریڤێرا کەوتووەتە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا.
لە کۆی 193 وڵات، 143 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە. رۆژی 29ی ئایاری 2024، نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا وەکو دەوڵەت دانیان بە فەلەستیندا نا.
فەلەستین لە دوو ناوچە پێکهاتووە، یەکێکیان کەرتی غەززە و ئەوەی دیکەش کەرتی رۆژئاوایە. کەرتی رۆژئاوا لە رووی ئیدارییەوە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوەی دیکەش پێش جەنگ لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ