ئەڵمانیا: هیچ پلانێکمان نییە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێین

25-07-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ئەڵمانیا دەڵێت، لەم کاتەدا ئاسایشی ئیسرائیلی بەلاوە گرنگترە لە دەوڵەتی فەلەستین.
ئەڵمانیا دەڵێت، لەم کاتەدا ئاسایشی ئیسرائیلی بەلاوە گرنگترە لە دەوڵەتی فەلەستین.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە "هیچ پلانێکی نییە لە ماوەیەکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت"، ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەنیازە لە مانگی ئەیلوولدا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت.
 
ستیفان کۆرنێلیوس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو ناردووە، دەڵێت: "حکومەت بەردەوامە لەسەر ئەو بۆچوونەی کە دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا یەکێکە لە هەنگاوە کۆتاییەکانی رێگای گەیشتن بە چارەسەری دوو دەوڵەت. ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "ئاسایشی ئیسرائیل بۆ حکومەتی ئەڵمانیا لەوپەڕی گرنگیدایە."
 
لێدوانەکەی ماکرۆن لە رۆژی پێنجشەممەدا کە گوتبووی فەرەنسا لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە مانگی ئەیلوول بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، کاردانەوەی تووندی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دۆخی زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی لە کەرتی غەززە لە زیادبووندایە، کە تێیدا شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی سەخت و هۆشداری لە برسێتی بەکۆمەڵ.
 
ئەڵمانیا، کە ماوەیەکی درێژە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی هۆلۆکۆست دەدات، هاوپەیمانێکی بەهێزی ئیسرائیل بووە و پشتیوانی لە شەڕەکەی دژی حەماس کردووە کە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، هەرچەندە رەخنەشی لە خراپبوونی دۆخی مرۆیی لە غەززە گرتووە.
 
ئەڵمانیا لەنێو ئەو 28 وڵاتە رۆژئاواییەدا نەبوو کە ئەم هەفتەیە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و تیایدا رایانگەیاند "دەبێت شەڕ لە غەززە ئێستا کۆتایی پێبێت" چونکە ئازاری خەڵکی سڤیل "گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ."
 
بەرلین رۆژی هەینی چوار خاڵی لەپێشینەی خستەڕوو کە تێیدا رایگەیاند "پێشکەوتنێکی زۆر دواخراو" پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێستا ئاگربەست لە غەززە پێویستە،" و هەروەها داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی کردووە.
 
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئیسرائیل دەبێت دەستبەجێ و بە شێوەیەکی بەرچاو دۆخی مرۆیی کارەساتباری غەززە باش بکات". ئاماژەی بەوەشکردووە کە "پێویستە چارەسەرێکی سیاسیی گونجاو بۆ غەززە هەبێت تاوەکو ئاگربەستێکی کاتی ببێتە ئاشتییەکی بەردەوام" و "نابێت هیچ هەنگاوێکی دیکە بەرەو لکاندنی کەناری رۆژئاوا بنرێت."
 
"حکومەتی ئەڵمانیا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەم پرسە. ئامادەیە گوشار زیاتر بکات ئەگەر پێشکەوتن بەدی نەهێنرێت"، راگەیێندراوەکە وا دەڵێت.
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەینی، راوێژکاری ئەڵمانیا، فریدریش مێرز، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن و کیێر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەنجام بدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قەیرانی غەززە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.