رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە رێکبکەوێ.
ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێی وایە حەماس "دەڕووخێت."
قسەکانی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، ئیدارەی واشنتن بڕیاری داوە شاندەکەی لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە بکشێنێتەوە، دوای ئەوەی حەماس پێشنیازێکی خستەڕوو کە بە لایەوە پەسندکراو نەبوو.
ترەمپ گوتی: "حەماس بە راستی نەیدەویست رێککەوتن بکات. ئەوان دەیانەوێ بمرن. ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە دوایین بارمتەکان، ئەوانیش دەزانن چی روودەدات دوای ئەوەی کە دوایین بارمتەکان دەگەڕێندرێنەوە. هەر لەبەر ئەوەشە نەیانویست رێککەوتن بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی، داننانی فەرەنسا بە دەوڵەتی فەلەستین "هیچ بەهایەکی نییە."
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لێ کرد لەبارەی بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە گوتوویەتی ئەیلوولی داهاتوو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە فەلەستیندا دەنێت، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "ئەو پیاوێکی چاکە و خۆش دەوێ. بەڵام ئەو قسەیە هیچ بەهایەکی نییە."
بەڵام باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رۆژی هەینی، بە "پێشێلکردنی ئەو چوارچێوەیەی کە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو" تۆمەتبار کرد.
نەعیم لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "لێدوانە نەرێنییەکانی ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بەتەواوی پێچەوانەی ئەو چوارچێوەیەن کە دوایین گەڕی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو، ئەویش باش ئەوە دەزانێت، بەڵام ئەم قسانە لە چوارچێوەی خزمەتکردنی هەڵوێستی ئیسرائیلدان."
گوتیشی: "ئەوانە بەشێکن لە لۆجیکی پاڵپشتیکردنی هەڵوێستی ئیسرائیل".
دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستپێکردنیان، گەیشتوونەتە بنبەست.
ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە وەک ئیسرائیل دانوستاندنکارەکانی لە گفتوگۆکان کشاندەوە و ویتکۆف حەماسی بە هۆکاری شکستەکە دانا و رایگەیاند، واشنتن "بیر لە بژاردەی دیکە دەکاتەوە".
ناوبژیوانان لە قەتەر لەنێوان شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس لە هاتووچۆدابوون بۆ ئەوەی پێشکەوتنێک لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکاندا بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەدەستبهێنن.
ویتکۆف رۆژی پێنجشەممە دانی بە شکستی دانوستاندنەکاندا نا، کە لەژێر چاودێریی قەتەر، ئەمریکا و میسر لە دەوحە بەڕێوەدەچوون.
ویتکۆف گوتی، تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکی بۆ "پرس و راوێژ" بانگکراونەتەوە و گومانی لە نیازپاکیی حەماس نیشاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ