رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا خێزانێکی پەنابەری ئێزدی کە لە 6 کەس پێکهاتوون، بۆ عێراق دیپۆرتکردەوە. سەیر لەوەدایە تەنها چەند کاژێرێک دوای دیپۆرتکردنەوەکەیان، دادگایەکی بەرلین بڕیاری پێدانی مافی مانەوەی بۆ هەمان خێزان دەرکرد. ئەم رووداوە بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لەنێو رای گشتیی وڵاتەکەدا.
هەفتەی رابردوو، فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی لایپزیگەوە 43 کۆچبەری عێراقی گەڕاندەوە، کە بەپێی لێدوانی فەرمی، سەرجەمیان پیاو بوون و هەندێکیان "تاوانبار" بوون؛ بەڵام دواتر دەرکەوت کە خێزانی قاسم، کە لە دایک و باوکێک و چوار منداڵ پێکهاتوون، لەنێو هەمان فڕۆکەدا بوون. تەنانەت یەکێک لە منداڵەکانیان، کە تەمەنی 12 ساڵە، لە پەیامێکی دەنگیدا لە بەغداوە ئاماژەی بەوە داوە، لە فڕۆکەخانە لەلایەن پۆلیسی عێراقەوە ئازار دراون.
ماڵباتی قاسم لە ساڵی 2022 گەیشتوونەتە ئەڵمانیا، بەڵام ساڵی دواتر داواکاریی پەنابەرییەکەیان لەلایەن فەرمانگەی فیدراڵیی پەنابەران و کۆچ (BAMF)ەوە رەتکرایەوە. سەیر لەوەدایە هەمان رۆژی دیپۆرتکردنەوەکەیان، دادگایەکی بەرلین بڕیاریداوە رەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن "بامف"ەوە نایاسایی بووە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت، ئەگەر دیپۆرتکردنەوەکەیان تەنها چەند کاژێرێک دوابکەوتایە، دەبوونە خاوەنی مافی مانەوە.
کاردانەوەکان
سەبارەت بەم کەیسە، وەزارەتی ناوخۆی ویلایەتی براندنبورگ رایگەیاندووە، لەکاتی دیپۆرتکردنەوەکەدا هیچ کێشەیەکی یاسایی بۆ دواخستنی پرۆسەکە لەئارادا نەبووە. هاوکات وەزیری دادی ئەڵمانیاش جەختی لەوە کردەوە، "پەیامی وڵاتەکەی روونە؛ هەر کەسێک مافی مانەوەی نەبێت، دەبێت ئەڵمانیا جێبهێڵێت."
بەڵام ئەم رووداوە ناڕەزایەتیی تووندی لێکەوتووەتەوە. ماکس لوکس، پەرلەمانتاری فیدراڵی لەسەر لیستی سەوزەکان، داوای کردووە نەک هەر خێزانەکە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو هانس ئێکهارد زۆمەر، سەرۆکی بامف، دەست لەکار بکێشێتەوە.
هەروەها رێکخراوی "پرۆ ئەزوول" کە داکۆکی لە مافی پەنابەران دەکات، رایگەیاندووە، "ناکرێت قوربانیانی جینۆساید بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە."
نوێترین پێشهات
لە نوێترین پێشهاتدا، کارێبا هاگەمان، پارێزەری ماڵباتی قاسم رایگەیاندووە، پشت بە بڕیارەکەی دادگای بەرلین دەبەستێت و دەست بە رێکاری یاسایی دەکات بۆ هێنانەوەی خێزانەکە بۆ ئەڵمانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ