یۆنان یاسای کۆچ تووندتر دەکات؛ زیندانیکردن و راگرتنی داواکاریی پەنابەری

26-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
ژمارەیەک کۆچبەر لە یۆنان
ژمارەیەک کۆچبەر لە یۆنان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی نوێ و مشتومڕاویدا، پەرلەمانی یۆنان یاسایەکی نوێی پەسند کرد کە رێگە بە دەستگیرکردنی دەستبەجێ و زیندانیکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان دەدات. بەپێی یاسا نوێیەکە، کە لەم هەفتەیەوە کاری پێدەکرێت، داواکاریی پەنابەرییش بۆ ماوەی سێ مانگ رادەگیرێت، ئەم بڕیارەش رووبەڕووی رەخنەی تووندی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بووەتەوە.
 
بەپێی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانە کە لە دانیشتنی رۆژی 11ی ئەم مانگەدا بڕیاریان لەسەر درا، هەر کۆچبەرێک بە شێوەی نایاسایی بگاتە یۆنان، رووبەڕووی زیندانیکردن دەبێتەوە بۆ ماوەیەک کە لەنێوان دوو بۆ 5 ساڵدایە؛ تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 190 کەس بەپێی ئەم یاسایە دەستگیر کراون.
 
هاوکات، پەرلەمانی یۆنان بڕیاری داوە بۆ ماوەی سێ مانگ هیچ داواکارییەکی پەنابەری وەرنەگرێت. ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامێکە بۆ ئەوەی زۆرجار کۆچبەران داوای مافی پەنابەری دەکەن تاوەکو خۆیان لە دیپۆرتکردنەوە بپارێزن؛ ئەمەش یۆنانی ناچار دەکرد بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا وەکو پەناخواز مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
 
رەخنە و کاردانەوەکان
 
بڕیارەکە ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە. رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، جڤاتی یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) رایانگەیاندووە، ئەم یاسایە پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی کۆچبەرانە.
 
لە نێوخۆی یۆنانیشدا، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە پەرلەمان بە 74 دەنگ دژی 177 دەنگی لایەنگری یاساکە وەستانەوە، دەستیان بە کەمپەینێک کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە