رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی کچە کوردێکی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو کە تێیدا نوێترین راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڕەشەکانی گرووپە پەڕگیرەکە پێشكێش بە ئەنجوومەنەکە کرا.
فەریدە خەلەف، رزگاربووی دەستی داعش، چالاکڤان و سەرۆکی رێکخراوی جیهانیی فەریدە، باسی لە چیرۆکی رفاندنی خۆی لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2014 بۆ ئەنجوومەنەکە کرد کە چۆن بە دەستی چەکدارانی گرووپەکە تووشی هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی بووە.
فەریدە بە نوێنەری وڵاتانی جیهانی گوت، جینۆسایدی کوردانی ئێزدی "هێشتا بەردەوامە،" چونکە هێشتا ژمارەیەکی زۆری ژنانی کوردی ئێزدی ئازاد نەکراون و 70%ی کوردانی ئێزدی لە کەمپی ئاوارەکاندا دەمێننەوە.
ئەو خانمە کوردە گوتی، بێ هەبوونی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، تووندوتیژی کۆتایی نایەت، بۆیە پێویستە چەکدارانی داعش بە سزا بگەیێندرێن.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئاستی هەڕەشەکانی داعش لە دەرەوەی ناوچەکانی ململانێ نزمە، بەڵام گرووپە پەڕگیرەکە و لقەکانی لە نێو ناوچەکانی ململانێ و وڵاتانی دراوسێ هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەن. ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی هێز بە تەنیا، بێ ستراتیجییەکی روون، دەتوانێت ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و هەلومەرجێکی لەبار بۆ تەشەنەکردنی گرووپە پەڕگیرەکە دروستبکات.
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە پێشکەشکردنی حەڤدەهەمین راپۆرتی سکرتێری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی کە لقی داعش لە ناوچەی ساحلی ئەفریقا تادێت سەربەخۆتر دەبێت و هێرشەکانی لە مالی، بورکینا فاسۆ و نەیجەریش لە زیادبووندان. لە دەرەوەی ئەفریقاش، دۆخی ئەفغانستان تاوەکو دێت ئاڵۆزتر دەبێت و مەتترسی هەیە چەک و تەقەمەنی بکەوێتە دەستی "تیرۆریستان."
ئەو بەرپرسە هەروەها تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکان لە بەئامانجگرتنی دارایی و بەرپرسانی هەرە باڵای داعش، لەنێویاندا کوشتنی خەلیفەی داعش لە سەرەتای ئەمساڵ، هەروەها ئاماژەی بە "کاریگەرییە بەرچاوەکانی" ئەو رێوشوێنانەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەسەر جموجووڵەکانی گرووپەکە لە عێراق و سووریا کرد و گوتیشی: "دەستپێشخەرییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە میسر، مۆزەمبیق و یەمەنیش توانای ئەو گرووپەیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردووە. بەڵام هێز بە تەنیا ناتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە دۆخی لەبار بۆ تیرۆر"، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی هێز بە تەنیا، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی تووندوتیژیی زیاتر.
ناتالیا گێرمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرەڕای نەمانی خاکێکی ئەوتۆ بەدەستیەوە، داعش هێشتا جموجووڵی هەیە و دەستبەرداری ویستی نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ