جیهان
ئامارە فەرمییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێش جەنگ مانگانە 23 هەزار منداڵ لە ئۆکراینا لەدایکدەبوون، بەڵام دوای جەنگ مانگانە تەنیا 16 هەزار منداڵ لەو وڵاتە لەدایکدەبن. وێنە: Getty images
رووداو دیجیتاڵ
ئامارە فەرمییەکانی ئۆکراینا دەریدەخەن، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا رێژەی لە دایکبوون لەو وڵاتەدا ٪30 دابەزیوە.
کۆمپانیای (OpenDataBot) کە کۆمپانیایەکی شیکارییە لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 96 هەزار و 755 منداڵ لە ئۆکراینا لەدایکبوون، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2021دا 135 هەزار و 79 منداڵ لەو وڵاتە لەدایکبوون، بەوەش لەدایکبوونی منداڵ لە ئۆکراینا بە رێژەی 30٪ دابەزیوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا ژمارەی دانیشتووانی ئۆکراینا 43 ملیۆن کەس بووە، بەڵام بەهۆی جەنگەکەوە، نزیکەی شەش ملیۆن هاووڵاتیی ئۆکراینی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
ئامارە فەرمییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێش جەنگ مانگانە 23 هەزار منداڵ لە ئۆکراینا لەدایکدەبوون، بەڵام دوای جەنگ مانگانە تەنیا 16 هەزار منداڵ لەو وڵاتە لەدایکدەبن.
ئەوە دووەم جارە کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوونی منداڵ لە ئۆکراینا روودەدات؛ دوای دەستبەسەرداگرتنی نیمچەدوورگەی کریمیا لە ساڵی 2014 لەلایەن رووسیاوە، رێژەی لەدایکبوونی منداڵ لەو وڵاتە 12٪ دابەزی.
جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ هەزار و 83 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 779 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ