رووداو دیجتیتاڵ
دەیان رێکخراو رۆژی دووشەممە داوایەکی بەپەلەیان ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ یارمەتیدانی هەزاران هاووڵاتیی ئەفغانی، کە مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان لە پاکستانەوە لەسەرە و پێشتر بەرلین بەڵێنی پێدابوون، کە پەناگەیان بۆ دابین بکات.
لە بانگەوازێکدا کە لەلایەن کۆمەڵەی پارێزەرانی ئەڵمانیاوە رێکخرابوو، زیاتر لە 50 گرووپ و دامەزراوە رایانگەیاند، پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ رزگارکردنی زیاتر لە 2,000 ئەفغانیی گیرخواردوو، بۆ ئەوەی رەوانەی وڵاتەکەیان نەکرێنەوە کە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە.
ئەو ئەفغانییانە بەشێکن لەو گرووپەی کە پێشتر ئەڵمانیا بەڵێنی وەرگرتنی پێدابوون، بەڵام ئێستا لە نێوان سیاسەتی تووندی کۆچی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و شەپۆلی دەرکردنی پەنابەران لە پاکستاندا گیریانخواردووە.
رێکخراوەکان، کە ناوی دیاری وەک رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، پەیامنێرانی بێ سنوور و رێکخراوی کاریتاسی خێرخوازیی تێدایە، رایانگەیاند، پێویستە حکومەت "زۆر بە خێرایی" پرۆسەی پشکنینی ئەمنیی ئەو کەسانە تەواو بکات کە لە چوارچێوەی بەرنامەکەدا وەرگیراون.
هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، دەبێت ئەو کەسانەی رەزامەندییان وەرگرتووە "دەستبەجێ بگوازرێنەوە".
گرووپەکان ئاماژەیان بەوەدا ئەو کەسانەی لە مەترسیدان بریتین لە "پارێزەران، دادوەران، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەڤانان و ئەندامانی کەمینەکان کە بە تایبەتی لەژێر هەڕەشەدان".
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "ئەڵمانیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی لە ئەستۆدایە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە متمانەیان پێمان کردووە و پابەندبوونیان بە دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، ئێستا کردوونی بە ئامانج لە ئەفغانستان."
هەفتەی رابردوو، حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، 450 ئەفغانی کە چاوەڕێی گەیشتن بە ئەڵمانیا بوون، لە هەڵمەتەکانی ئەم دواییانەی دەسەڵاتدارانی پاکستاندا دەستگیرکراون.
پاکستان هەڵمەتێکی تووندی دژی ئەو ئەفغانییانە دەستپێکردووە کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی یاساییان نییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەگەڵ زیاتر لە 200 کەس لەو دەستگیرکراوانەدا لە پەیوەندیدان، کە دیپۆرتی ئەفغانستان کراونەتەوە.
بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەران لە سەردەمی ئۆلاف شۆڵتز، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەڵمانیا، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 دامەزرابوو. مەبەست لێی دابینکردنی پەناگە بوو بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هێزەکانی ئەڵمانیا لە ئەفغانستان کاریان کردبوو یان ئەوانەی مەترسیی تایبەتی تاڵیبانیان لەسەر بوو.
بەڵام، مێترس لە کاتی دەستبەکاربوونیدا لە مانگی ئایار، سنووردارکردنی کۆچی کردە یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی و حکومەتەکەی پێداچوونەوەی بە بەرنامەکە دەستپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ