ترەمپ: رۆژێک دێت چاوم بە کیم جۆنگ ئون بکەوێتەوە

26-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە ئاماژەی بە ئەگەری نوێبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکووردا کرد و رایگەیاند کە رۆژێک دێت چاوی پێی دەکەوێتەوە، ئەمەش یادەوەریی ئەو لووتکە مێژووییەی ساڵی 2019 دەهێنێتەوە یاد کە هەردوو سەرکردە بۆ یەکەمجار چاویان بەیەک کەوت.
 
ترەمپ، لە وەڵامی پرسیارێکدا پێش سەردانێکی لی جێ میونگ، سەرۆکی نوێی کۆریای باشوور بۆ کۆشکی سپی، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رۆژێک دێت بیبینم. چاومان بەیەک دەکەوێتەوە."
 
ئەم لێدوانە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ لە دوای خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیەوە ساردبووەتەوە.
 
لە 12ـی حوزەیرانی 2018ـدا، دوای چەندین مانگ لە گۆڕینەوەی قسەی تووند و هەڕەشەی لەناوبردنی ئەتۆمی، دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون لە لووتکەیەکی مێژووییدا لە سەنگاپورە تەوقەیان کرد.
 
ئەو دیدارە، کە یەکەم جار بوو لەنێوان سەرۆکێکی لەسەرکاری ئەمریکا و سەرۆکێکی کۆریای باکووردا، بە واژۆکردنی بەڵگەنامەیەک کۆتایی هات کە تێیدا هەردوو لا رازی بوون "کار بەرەو چەکداماڵینی ئەتۆمیی تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا بکەن." لە بەرامبەردا، ترەمپ رازی بوو "گەرەنتیی ئەمنی پێشکەش بە کۆریای باکوور بکات."
 
ترەمپ لەو کاتەدا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ کیم دروست کردووە و بە دڵنیاییەوە بانگێشتی کۆشکی سپی دەکات.
 
لێدوانە نوێیەکەی ترەمپ، هەرچەندە کات و شوێنی دیارینەکراوە، بەڵام ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە سەرۆکی ئەمریکا هێشتا باوەڕی بە دیپلۆماسییەتی کەسیی هەبێت وەک رێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە