ئەو وڵاتانەی زۆرترین چا هاوردە دەکەن؛ پاکستان یەکەمە و عێراق نۆیەمە

25-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی نوێترین داتاکانی بازرگانیی جیهانی، قەبارەی هاوردەکردنی چا لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 7.33 ملیار دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە پێرار 3.1٪ زیادی کردووە. پاکستان گەورەترین هاوردەکاری چایە و دوای ئەویش ئەمریکا و بەریتانیان.

ساڵی رابردوو پاکستان پێگەی خۆی وەکو گەورەترین هاوردەکاری چا لە جیهاندا پاراست، بە تەنیا بە بەهای 634.4 ملیۆن دۆلار چای کڕیوە. لە دوای پاکستانیشەوە، ئەمریکا بە 578.6 ملیۆن دۆلار و بەریتانیا بە 377 ملیۆن دۆلار دێن. 
 
هەرچی ئیماراتی عەرەبییە بە 372 ملیۆن دۆلار و رووسیا بە 350.9 ملیۆن دۆلار لە ریزی پێشەوەی لیستەکەدان. بە کۆی گشتی، ئەم پێنج وڵاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی تەواوی بازرگانیی چای جیهانیان لەلایەن خۆیانەوە کۆنترۆڵ کردووە.
 
عێراق لە پلەی نۆیەمی لیستی کڕیارانی چا دێت، پار بایی نزیکەی 240 ملیۆن دۆلار چای کڕیوە.
 
لە رووی جۆرەکانیشەوە، چای رەش هێشتا باڵادەستیی خۆی بەسەر بازاڕدا پاراستووە و نزیکەی 74.7٪ی کۆی هاوردەی جیهانی پێکدەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، چای سەوز بەشێوەیەکی بەرچاو لە گەشەسەندندایە و پێرار پشکی لە بازاڕدا 23.3٪ پار بۆ 25.3٪  بەرزبووەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئارەزووی بەکاربەران و زیادبوونی گرنگیدان بە لایەنە تەندروستییەکان.
 
لەنێو کیشوەرەکاندا، ئاسیا بە کڕینی چا بە بەهای 3.2 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 43.8٪ی کۆی گشتی، پێشەنگی بازاڕی جیهانی گرتووە. دوای ئاسیا، ئەورووپا بە رێژەی 27.6٪ و ئەفریقا بە 15.2٪ دێن. لە کاتێکدا ئەمریکای باکوور پشکی 10.1٪ی لەم بازرگانییە جیهانییەدا بەرکەوتووە.
 
هەندێک لە بازاڕەکان گەشەسەندنێکی خێرایان بەخۆوە بینیوە. بۆ نموونە، ئیمارات رێژەی هاوردەکردنی، بەراورد بە ساڵی پێشووتر، 68.3٪ زیادکردووە، بەریتانیا 21.5٪ و مەغریبیش  34.5٪. 
 
بەڵام لە بەرامبەردا، چەند وڵاتێکی دیکە دابەزینێکی بەرچاویان لە هاوردەکردنی چادا تۆمارکردووە. لەنێویاندا ئێران بە رێژەی 64.2٪، میسر بە 32.3٪، عێراق بە 14.9٪ و رووسیا بە 8.3٪ کەمبوونەوەی خواستیان هەبووە.
 
سەرچاوەی دابینکردنی چا بۆ وڵاتە کڕیارەکان جیاوازە. پاکستان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە چای کینیا دەبەستێت و بە بەهای زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلار چای لێ هاوردە کردووە. ئەمریکا سەرچاوەکانی هاوردەکردنی فرەچەشن کردووە و زیاتر لە ژاپۆن، هیندستان و ئەرجەنتین چا دەکڕێت. هاوکات، بازاڕی بەریتانیاش بە پلەی یەکەم پشت بە کینیا و پاشان هیندستان و رواندا دەبەستێت.
 
ئەمانەی خوارەوە لیستی ئەو 15 وڵاتەیە کە لە ساڵی 2024دا زۆرترین چایان بەپێی بەهای دۆلار هاوردە کردووە.
 
پاکستان: 634.4 ملیۆن دۆلار
ئەمریکا: 578.6 ملیۆن دۆلار 
بەریتانیا: 377 ملیۆن دۆلار 
ئیماراتی عەرەبی: 372 ملیۆن دۆلار 
رووسیا: 350.9 ملیۆن دۆلار 
سعودیە: 302.6 ملیۆن دۆلار 
مەغریب: 252.1 ملیۆن دۆلار 
ئەڵمانیا: 241.3 ملیۆن دۆلار 
عێراق: 239.4 ملیۆن دۆلار 
میسر: 209.9 ملیۆن دۆلار 
گانا: 175.4 ملیۆن دۆلار 
ژاپۆن: 161.3 ملیۆن دۆلار 
چین: 157.6 ملیۆن دۆلار 
فەرەنسا: 155.5 ملیۆن دۆلار 
ئێران: 148.7 ملیۆن دۆلار
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە