رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، پرسی ئۆتۆنۆمی لە سووریا، گرێدراوە بە هەموو پێکهاتە و کەمینەکانەوە، "پێموایە حکومەتی نوێ تێدەگات لەوەی ئەمانە سیستمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان دەوێت، زمانی خۆیان دەوێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەبارەی گفتوگۆی هەسەدە و دیمەشق، لەبەردەم کۆشکی سپیی ئەمریکا لە واشنتن، بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی راگەیاند: "لە بارەی هەموویەوە گەشبینم. پرسی ئۆتۆنۆمی، گرێدراوە بە هەموو پێکهاتە و کەمینەکانەوە، پێموایە حکومەتی نوێ تێدەگات لەوەی ئەمانە سیستمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان دەوێت، زمانی خۆیان دەوێت، دەیانەوێت رێز لە نەریتە ئاینییەکانیان بگیرێت، نایانەوێت وەک هاووڵاتیی سووریایی پلە دوو سەیر بکرێن."
وەک تۆم باراک دەڵێت: "ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە حکومەتی ناوەندییە کە نەبێتە فیدراڵی، بەڵام ئەو ماف و دەرفەتانە بە هەموو پێکهاتەیەک بدات. پێموایە خەریکە ئەوە روودەدات."
باراک نایشارێتەوە کە بەربەست لەبەردەم حکومەتی نوێی سووریا دروستبووە؛ "جێگەی داخە کە هەندێ بەربەستی هاتووەتە پێش، بۆ نموونە، ئەوەی پێشتر لە سوەیدا روویدا، جێگەی داخ بوو، کەس نایەوێت بەردەوام بێت و هەموومان کاردەکەین بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین. پێموایە تاوەکو کۆتایی ساڵ، شێوازەکە دیاری دەکرێت، کە چۆن هەموو پێکهاتە و کەمینە جیاجیاکان بە سەلامەتی لەخۆدەگیرێن و بەشدارییان پێ دەکرێت. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەمە بکەن. من گەشبینم کە ئەگەر یارمەتیان بدرێت، دەتوانن ئەو کارە بکەن."
تۆم باراک، هاوکات باڵیۆزی ئەمریکاشە لە تورکیا. ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداو، دوای کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو لە کۆشکی سپی. باراک بە قاتێکی شین و بۆینباخێکی پەمەییەوە، لە کۆشکەکە هاتە دەرەوە و دیار کوردە مایکی بردە بەردەمی و لێی پرسی: کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟
باراک لە وەڵامدا گوتی: "پێموایە زۆر باش بوو. ئەوان دوو سەرکردەی ناوازەی دوو شوێنی زۆر جیاوازی جیهانن، هەندێ تیڕوانینی لەیەک جیاوازیان هەیە، زۆر باش لەیەکدی تێدەگەن و رێزی یەک دەگرن. بۆیە ئەو بابەت و پرسانەی پێیان درابوون، تاوتوێ کران. لە راگەیێنراوی کۆبوونەوەکەش دەبینی کە زۆر ئەرێنی بووە. من زۆر شانازی بە هەردوو لاوە دەکەم."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ تۆم باراک
رووداو: بەرێز باڵیۆز، کاتێک سەرۆک هاتە دەرەوە، پرسیارێکم لێکرد: کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟ ئەویش گوتی، کۆبوونەوەیەکی نایاب بوو. ئەم کۆبوونەوەیە تا چەند نایاب بوو؟ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ کۆبوونەوەکە چییە؟
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: "پێموایە زۆر باش بوو. ئەوان دوو سەرکردەی ناوازەی دوو شوێنی زۆر جیاوازی جیهانن، هەندێ تیڕوانینی لەیەک جیاوازیان هەیە، زۆر باش لەیەکدی تێدەگەن و رێزی یەک دەگرن. بۆیە ئەو بابەت و پرسانەی پێیان درابوون، تاوتوێ کران. لە راگەیێنراوی کۆبوونەوەکەش دەبینی کە زۆر ئەرێنی بووە. من زۆر شانازی بە هەردوو لاوە دەکەم."
رووداو: کەواتە، بەو پێیەی ئێوە نێردەی تایبەتیشن بۆ کاروباری سووریا، پرسیارێکم لەسەر سووریا دەبێت. ئێستا لە سووریا لە چ قۆناخێکدان، بەتایبەتیش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سیستمی نوێی بەرگریی سووریاوە؟ ئایا لەمبارەیەوە گەشبینن؟ و چۆن دەڕواننە خواستی کورد بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمیی زیاتر لە سووریا؟
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: "من لە بارەی هەموویەوە گەشبینم. پرسی ئۆتۆنۆمی، بە هەموو پێکهاتە و کەمینەکانەوە گرێدراوە، کە پێموایە حکومەتی نوێ تێدەگات لەوەی ئەمانە سیستمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان دەوێت، زمانی خۆیان دەوێت، دەیانەوێت رێز لە نەریتە ئاینییەکانیان بگیرێت، نایانەوێت وەک هاووڵاتیی سووریی پلە دوو سەیر بکرێن. ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە حکومەتی ناوەندییە کە نەبێتە فیدراڵی، بەڵام ئەو ماف و دەرفەتانە بە هەموو پێکهاتەیەک بدات. پێموایە خەریکە ئەوە روودەدات. جێگەی داخە کە هەندێ بەربەستی هاتووەتە پێش، بۆ نموونە، ئەوەی پێشتر لە سوەیدا روویدا، جێگەی داخ بوو، کەس نایەوێت بەردەوام بێت و هەموومان کاردەکەین بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین. پێموایە تا کۆتایی ساڵ، شێوازەکە دیاری دەکرێت، کە چۆن هەموو پێکهاتە و کەمینە جیاجیاکان بە سەلامەتی لەخۆدەگیرێن و بەشدارییان پێ دەکرێت. ئەوان هەوڵدەدەن ئەمە بکەن. من گەشبینم کە ئەگەر یارمەتیان بدرێت، دەتوانن ئەو کارە بکەن."
رووداو: گوێم لێتان بووە کە دەڵێن ئێوە شێوازی گفتوگۆکان بەسەر سووری و کورددا ناسەپێنن، بەڵام لە ناوچەکەدا لێکدانەوەیەک هەیە، چونکە ئێوە گوتووتانە رەنگە فیدراڵی گونجاو نەبێت، پێیانوایە ئەمە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانە و ئێوە دەتانەوێت ئەوە بەسەر سووریادا بسەپێنن کە ناتانەوێت فیدراڵییان هەبێت، بەڵکو دەتانەوێت حکومەتێکی ناوەندیی هەبێت. دەتوانن ئەمە بۆ بینەرانمان روونبکەنەوە؟ پرسیاری دووەمیش، چۆن دەڕواننە ئەو ترسەی کورد کە پێیانوایە رەنگە رووبەڕووی هەمان چارەنووسی درووز و عەلەوییەکان ببنەوە لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان لە سووریا؟
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: "روانگەی ئەم سەرۆکە، روانگەی گەورەکەم، زۆر سادەیە. ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ هەمووان دەوێت. هەروەها ئەو پێیوایە سەپاندنی فەرمانی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە 100 ساڵی رابردوودا شکستیان هێناوە. ئەو نایەوێت سیستمی ئەمریکی، ئەورووپی، ئاسیایی یان بەریتانی بەسەر کەسدا بسەپێنێت، ئەمە ئامانجی ئەو نییە. ئامانجەکەی ئەوەیە کە رێگە بە هەموو ناوچەیەک بدات بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. ئەو هەر واشی کردووە. سزاکانی هەڵگرتوونەتەوە، هەرچەندە هەندێک زیاتری پێچوو لەوەی ئەو بیری لێ دەکردەوە. ئەو گوتوویەتی ئێوە خۆتان لە ناوچەکانتان بڕیار بدەن کە دەتانەوێت چۆن بن. بۆیە ئێمە کاری یارمەتیدان، رازیکردن و نێوبیژیوانیکردن دەکەین، بەڵام هیچ بڕیارێک ناسەپێنین.
رووداو: ئایا لە کۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغاندا باسی ئەوەتان کرد؟
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: "بەڵێ، بێگومان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ