ترەمپ، ئەردۆغان بە 'رزگارکەری سووریا' ناودەبات و مامەڵەی فڕۆکەی ئێف-16 دەکەن

25-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دواتر لە ئۆڤاڵ ئۆفیس وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان دایەوە. کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک دوو کاژێر و 18 خولەکی خایاند. دوای کۆبوونەوەکەش ترەمپ بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەیەکی باشیان کردووە."
 
ئەردۆغان، رایگەیاند: "لە خولی یەکەم و دووەمی ترەمپدا، پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بە قۆناخێکی جیاوازدا تێدەپەڕن. ئەمڕۆ بە وردی باسی بابەتەکانی F-35 و F-16 و هاڵک بانک دەکەین." 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "سەرۆککۆمار ئەردۆغان زۆر سەختە و لە وڵاتەکەیدا کاری باش دەکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "باسی پرسی F-35 دەکەین. پێموایە سەرکەوتوو دەبین. ئەگەر کۆبوونەوەیەکی باش بکەین، دەتوانین دەستبەجێ سزاکانی کاتسا (CAATSA) هەڵبگرین. 
 
رێزێکی زۆرم بۆ ئەردۆغان هەیە
 
ترەمپ، باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە و گوتی، "رێزێکی زۆرم بۆ ئەم پیاوە هەیە. پەیوەندییەکی باشمان هەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە. زۆر دڵخۆشم کە سەرۆککۆماری تورکیا لە تەنیشتمەوە دەبینم." 
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا
 
سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا، ترەمپ گوتی، "ئەوەی نائومێدکەر بوو، تەواوی ناتۆ دەستبەرداری رووسیا نەبوو. زۆربەی بازرگانیی چەکمان لەگەڵ ئۆکراینایە. ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئەم جەنگە دەستی پێنەدەکرد. پێویستە پووتین بوەستێت." 
 
کڕینی نەوتی رووسیا رابگرن
 
ترەمپ گوتی، "لەم قۆناخەدا کە رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا و پێکدادان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە، دەمەوێت تورکیا کڕینی نەوت لە رووسیا رابگرێت." هەروەها گوتیشی، "ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستداوە، باشە لە پێناو چیدا؟ لە پێناو چیدا؟ ئەمە شەرمەزارییە."
 
غەززە و ئیسرائیل
 
ترەمپ، لەبارەی دۆخی غەززە گوتی، "بیروبۆچوونی ئەردۆغان لەسەر غەززە نازانم، بەڵام لێیەوە فێر دەبم و باسی دەکەین. زۆر نزیکین لە رێککەوتنێک لەو ناوچەیە. دەبێت بارمتەکان رزگار بکەین. نزیکەی 20 بارمتەی زیندوو و 30 بارمتەی دیکە هەن کە گیانیان لەدەستداوە." 
 
ئەردۆغان لەلایەن هەردوولاوە رێزی لێدەگیرێت
 
ترەمپ، ئاماژەی بە رۆڵی ئەردۆغان کرد و گوتی، "سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەلایەن هەردوو لایەوە رێزی لێدەگیرێت. منیش رێزی لێدەگرم. حەزی لەوەیە بێلایەن بێت. زۆر بێلایەنە. پووتین زۆر باش دەناسێت." 
 
ئەردۆغان سووریای رزگار کرد
 
سەبارەت بە سووریا، ترەمپ گوتی، "سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەم بابەتەدا کەسی بەرپرسە لە سووریا. ئەو بوو کە سووریای لە سەرکردە کۆنەکەی رزگار کرد. بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵام لە راستیدا ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە، سەرکەوتنی سەرۆککۆمارە. ئەو کارەی کرد کە 2000 ساڵە هەوڵی بۆ دەدرێت. پێویستە مافی خۆی پێبدرێت. ئەو کارێکی کرد 2000 ساڵە هەوڵدەدرێت ئەم کارە لە سووریا بکرێت. ئەو سووریای رزگار کرد. ئەمە سەرکەوتنی تورکیا و سەرۆککۆمار ئەردۆغانە. من سزاکانم هەڵگرت، ئەمە سەرکەوتنی سەرۆککۆمارە. من بە داوای ئەو، سزاکانم هەڵگرت." 
 
مژارەکانی سەر مێزی گفتوگۆ
 
گرنگترین ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوەکرا بریتیبوون لە گەڕانەوەی تورکیا بۆ پرۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35، فرۆشتنی فڕۆکەی F-16، دۆخی سووریا و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، هەروەها رێککەوتنە بازرگانی و سەربازییەکان.
 
دوای کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باش و ئەرێنی بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza

ترەمپ بۆ رووداو: باشترە ئێران رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باشترە ئێران بە دانوستاندن بگاتە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە" و گوتیشی، 32 هەزار کەس لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دژی حکومەت، لە ئێران کوژراون