رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا داخستنی بەشێکی حکومەتی فیدراڵی لە ئەمریکا دەچێتە سێیەم هەفتەیەوە، پەسندی کۆنگرێس لای ئەمریکییەکان 11 خاڵ دابەزیوە و گەیشتووەتە تەنیا 15%، بەڵام رەزامەندی لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپ جێگیرە و لە نزیکەی 41%دا ماوەتەوە.
بەگوێرەی راپرسییەکی کۆمپانیای گاڵەپی ئەمریکی، 79%ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی کۆنگرێس ناڕازین.
راپرسییەکە لە یەکەم رۆژی داخستنی حکومەتەوە دەستیپێکرد و کەمتر لە هەفتەیەک دوای کەوتنە واری جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان کۆتایی هات.
رەزامەندیی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس دادەبەزێت
دابەزینە 11 خاڵییەکەی کۆنگرێس بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دابەزینێکی بەرچاو لەنێو کۆمارییەکاندا دەگەڕێتەوە. لە کاتی داخستنی حکومەتدا رەزامەندیی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس 21 خاڵ دابەزیوە، لە کاتێکدا رەزامەندیی سەربەخۆ و بێلانەکان 9 خاڵ دابەزیوە.
بەڵام هەڵسەنگاندنی هاووڵاتییان بۆ ترەمپ تا رادەیەکی زۆر جێگیرە کە 91%ی کۆمارییەکان، 33%ی سەربەخۆ و بێلایەنەکان و 6%ی دیموکراتەکان لە کارەکانی ترەمپ رازین.
جێگیریی بۆچوونی کۆمارییەکان بۆ کارەکانی ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، رەزامەندی ئەندام و لایەنگری ئەو پارتە لەسەر کارەکانی ترەمپ کاریگەریی رووداوەکانی ئەم دواییەی لەسەر نییە یان رووداوە ئەرێنییەکان (ئاگربەستی ئیسرائیل-حەماس) و نەرێنییەکان (داخستنی حکومەت) یەکدی هاوسەنگ دەکەنەوە.
هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ترەمپ
رەزامەندیی لە کارەکانی دۆناڵد ترەمپ لە 20ی تەممووز تاوەکو 19ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، 40.3% بووە.
ئەمە باشترە لە 36.9%ی هەمان ماوە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، بەڵام لە تێکڕای چارەکی سێیەمی جۆ بایدن 44.7% کەمترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ