رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، بڕی 130 ملیۆن دۆلاریان لەلایەن کەسێکی نەناسراو قبووڵ کردووە بۆ پێدانی مووچەی سەربازەکان لە کاتی داخستنی حکومەتی وڵاتەکە.
رۆژی هەینی 24-10-2025 شۆن پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا "پێنتاگۆن" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "بەخشینی ئەو بڕە بە مەرجێکە، بۆ پێدانی مووچە و پێداویستییەکانی سەربازان بەکاربهێندرێت، ئەو پارەیەش لەژێر دەسەڵاتی گشتیی وەرگرتنی دیاری وەزارەتەکە قبووڵ دەکرێت."
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، بەخشینی 130 ملیۆن دۆلاری تایبەت، کەمترین کاریگەریی لەسەر مووچەی وەزارەتی بەرگری دەبێت و تەنیا بڕێکی کەم لە پارەی پێویست بۆ مووچەی سەربازەکان دابین دەکات.
بەپێی داتاکانی فیدراڵی، پێنتاگۆن هەر دوو هەفتە جارێک، نزیکەی 7.5 ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ مووچەی سەربازان و سەربازانی یەدەگ، واتە ئەو بڕە پارەیەی دەبەخشرێت کەمتر لە مووچەی رۆژێکی سەربازان دابین دەکات.
بەگوێرەی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا، بودجەی ساڵی 2025 بۆ دابینکردنی مووچە و سوود و خانەنشینیی سوپا زیاتر لە 171 ملیار دۆلار بووە.
رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی، ترەمپ ستایشی بەخشەرێکی کرد و بە "نیشتیمانپەروەر" و "هاوڕێم" ناوی برد، بەرامبەر بە دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ دابینکردنی مووچەی سەربازانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەو چەکێکی 130 ملیۆن دۆلاریی بۆ ناردووین، باوەڕ دەکەیت؟ ئەو ئەم وڵاتەی خۆشدەوێت. ئەو حەزی بە ستایشکردن نییە، بەڵام تەنیا دەیویست سەربازەکانمان مووچە وەربگرن."
کۆشکی سپییش داواکارییەکانی رۆژنامەڤانانی رەتکردەوە، لەبارەی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسەی پارەکەی بەخشیوەتە پێنتاگۆن، یان پلانی ئەگەری دانەوەی بڕە پارەکە.
بەڵام قبووڵکردنی بڕێک پارە لەلایەن پێنتاگۆنەوە، زۆرێک لە خەڵکی نیگەران کردووە، بەتایبەتی لەڕووی یاساییەوە کە ئایا کارێکی لەو جۆرە رێگەپێدراوە؟ لەوبارەیەوە بۆبی کۆگان، بەڕێوەبەری باڵای سیاسەتی بودجەی فیدراڵی لە سەنتەری پێشکەوتنی ئەمریکی رایگەیاند، "چەند حاڵەتێکی سنووردار هەن کە کۆنگرێس رێگەی بە بەکارهێنانی پارەی دیاری یان بەخشینی بۆ دروستکردنی پارک، مۆزەخانە و قوتابخانە داوە، بەڵام بەخشینەکە بۆ خۆی پێشێلکردنی یاسایە."
رۆژی شەممە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، لانیکەم 8 ملیار دۆلار لە پارەی توێژینەوە و پەرەپێدانی بەکارنەهاتوو لە بودجەی ساڵی رابردوو، بەکاردەهێنێتەوە بۆ پێدانی مووچەی سەربازان، ئەمەش وەکو چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەی مووچەی سەربازانی سوپای ئەمریکا.
لای خۆیەوە کریس کونز، سیناتۆری دیموکراتەکان لەبارەی بەخشینی ئەو بڕە پارەیە، بە هەنگاوێکی مەترسیدار دەبینێت و دەڵێت، "ئەمە دەچێتە پێگەیەکی مەترسیدارەوە، رێگەدان بە کەسانی نەناسراو و تەنانەت لایەنی بیانیش بۆ دابینکردنی مووچە بە سەربازەکانمان مەترسی لەنێوچوونی چاودێری مەدەنی و ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت."
ئەم بەخشینە، نوێترین دەستپێشخەرییە لە زنجیرەیەک دەستپێشخەریی تایبەت کە پەیوەندیی بە ئیدارەی ترەمپەوە هەیە.
لە سەرەتای ئەم ساڵ، ترەمپ بڕێک پارەی لەلایەن ژمارەیەک کەسانی دەوڵەمەند و لایەنگریەوە قبووڵ کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی سەماکردن بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لە کۆشکی سپی.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، حکومەتی ئەمریکا داخراوە، ئەمەش بەهۆی پەسندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی و رێکنەکەوتنی هەردوو پارتی گەورەی ئەمریکا، کۆماری و دیموکراتەکان. بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار فەرمانبەر و کارمەندی فیدراڵیی ئەمریکا دوایین مووچەیان وەرگرتووە، بەشێک لەو فەرمانبەرانەش بڕیار بوو ئەم هەفتەیە مووچە وەربگرن، بەڵام هیچیان پێنەدرا.
هەفتەی رابردوو، ئۆفیسی بەڕێوەبردن و بودجەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی داخستنی حکومەتەوە، زیاتر لە 4000 کارمەندی فیدراڵی لە ژمارەیەک دامودەزگەی حکومەتی ئەمریکا لە پۆستەکانیان بە یەکجاری دوورخراونەتەوە.
ئەمەش جگە لەوەی بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا، نزیکەی 340 هەزار فەرمانبەر و کارمەندی فیدراڵی مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدراوە و لە ماڵەوە دەمێننەوە تاوەکو حکومەت کارا دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ